دایكی ئیمانداران (عائیشە) -ڕەزای خوای لێبێت- باسی ئەوەمان بۆ دەكات كە سەرەتای وەحی بۆ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- خەو بینین بوو، هەر خەوێكی ببینیایە دەهاتە دی ودەردەكەوت وەكو ڕۆشنایی بەیان، پاشان بە تەنها بوونی لەلای خۆشەویست كرا، بە تەنها دەمایەوە لە ئەشكەوتی حەڕا تێیدا بۆ چەند شەوێك پەرستنی ئەنجامدەدا پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ لای خاوخێزانی، وهەندێك خواردنی دەبرد بۆ ئەو شەوانە، پاشان دەگەڕایەوە بۆ لای دایكی ئیمانداران خەدیجە -ڕەزای خوای لێبێت- وخواردنی تری دەبرد بۆ شەوەكانی دواتر، هەتاوەكو فەرمانی هەق هات لەكاتێكدا ئەو لەنێو ئەشكەوتی حەڕا بوو. فریشتە جبریل -علیه السلام- هات بۆلای وفەرمووی: بخوێنە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: ناتوانم بخوێنمەوە، دەفەرموێت: گرتمی ولە باوەشی دام وگوشیمی هەتاوەكو وزە وتوانام لێبڕا پاشان بەریدام، دیسانەوە فەرمووی: بخوێنە، ووتم: ناتوانم بخوێنم، جارێكی تر گرتمی ولە باوەشی دام وگوشیمی هەتاوەكو وزە وتوانام لێبڕا پاشان بەریدام، وفەرمووی: بخوێنە، ووتم: ناتوانم بخوێنمەوە، دیسانەوە گرتمی ولە باوەشی دام وگوشیمی هەتاوەكو وزە وتوانام لێبڕا پاشان بەریدام، وفەرمووی: ﴿اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ * خَلَقَ الإِنْسَانَ مِنْ عَلَقٍ * اقْرَأْ وَرَبُّكَ الأَكْرَمُ﴾ [العلق:1-3] واتە: ﴿(ئەی پێغەمبەر ﷺ) بخوێنە بە ناوی پەروەردگارتەوە کە ھەموو شتێکی دروست کردووە * مرۆڤی دروست کردوە لە خوێنێکی بەستوو * بخوێنە، پەروەردگاری تۆ(لە ھەموو کەس) بەخشندە ترە﴾. پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەم ئایەتانە گەڕایەوە بۆ ماڵ ودڵی دەلەرزا لە ترسی مردن، وهات بۆ لای خەدیجەی خێزانی (دایكی ئیمانداران) -ڕەزای خوای لێبێت-، وفەرمووی: بە شتێك دامبپۆشن، بە شتێك دامبپۆشن، بە شتێك دامبپۆشن؛ هەتاوەكو ترسی نەما، ئەوەی بەسەریدا هات بۆ خەدیجەی باسكرد، وفەرمووی: ترسام لەوەی بمرم، خەدیجە ووتی: نەخێر، والله خودا هەرگیز ڕیسوات ناكات، تۆ پەیوەندی خزمایەتی دەگەیەنیت، وكەسی لاواز دەگریتە ئەستۆ كە ناتوانێت كاروباری خۆی بەڕێوە ببات، ویارمەتی هەژاری نەبوو دەدەیت؛ بەشێوەیەك دەبەخشیت بە خەڵكی كە هەرگیز لای خەڵكی تر ئەوەیان پێنابەخشرێت، وڕێز لە میوان دەگریت، وبە هانای كەسی لێقەوماو دەچیت. پاشان خەدیجە هێنای بۆ لای وەرەقەی كوڕی نەوفەلی كوڕی ئەسەدی كوڕی عەبدئەلعوزا، كە كوڕی مامی خەدیجەیە، ئەم پیاوە پشتی لە جاهیلیەت كرد ونەسڕانیەتی خۆی ڕاگەیاندبوو، وهێندەی خودا بیەوێت لە ئینجیلی دەنووسیەوە بە عیبرانیەت، وپیاوێكی بەتەمەن ونابینا بوو، خەدیجە پێی ووت: ئەی كوڕی مام، گوێ لە كوڕ براكەت بگرە، وەرەقە پێی ووت: ئەی كوڕ برام، چیت بینیووە؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەوەی بەسەریدا هات بۆی باسكرد، وەرەقە پێی ووت: ئەوە جبریلە كە خودا دایبەزاند بۆ سەر پێغەمبەر موسا -علیه السلام-، خۆزگایە ئەو كاتە گەنج دەبووم، خۆزگایە ئەو كاتە زیندوو دەبووم كاتێك گەلەكەت دەرت دەكەن لە مەككە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: ئەوا من دەردەكەن لە مەككە؟! ووتی: بەڵێ، هەرپیاوێك ئەوەی هێنا بێت كە تۆ هێناوتە ئەوا ئازار دەدرا ودژایەتی دەكرا، وئەگەر بگەم بە ڕۆژەكانت ئەوا بە هەموو هێزێكمەوە سەرت دەخەم. پاشان وەرەقە بۆ ماوەیەكی زۆر نەژیا و وەفاتی كرد، وبۆ ماوەیەك وەحی دواكەوت ودانەئەبەزی.