پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئامۆژگاری موسوڵمان دەکات کە چۆن بێت لەگەڵ برای موسوڵمانی، و هەندێک لە حەق ومافی موسوڵمانانی لەسەر یەکتر ڕونکردەوە؛ لەوانە: ئامۆژگاری یەکەم: حەسودی مەبەن بەواتای ئاوات خواستن دێت بە نەمانی ئەو ناز ونیعمەتەی دراوە بە برا موسوڵمانەکەت. دووەم: نەجش لەیەکتر مەکەن؛ نەجش بە واتای زیاد کردنی نرخی كاڵا دێت لەکاتێکدا نایەوێت بیکڕێت، تەنها مەبەستی لەم کارە سوود گەیاندنە بە فرۆشیار، وزیاندانە لە کڕیار. سێیەم: ڕقتان لەیەک نەبێت؛ چونكە سەرەنجامەكەی ویستی زیان دانە بە بەرانبەر ودژی خۆش ویستنیەتی، مەگەر ڕق لێبوون لە پێناو الله دا بێت، ئەوا لەم حاڵەتەدا واجبە. چوارەم: پشت لەیەک مەکەن؛ بەشێوازێک هەریەکێك پشت لە براكەی بکات وپشت گوێی بخات و قسەی لێ دابڕێت. پێنچەم: مامەڵە بەسەر مامەڵەی براکانتان مەکەن بەوەی بووترێت بە کڕیار: من هەمان شێوەی ئەو شتومەکەم لایە وبە نرخێکی کەمتر، یان چاکتر و بەهەمان نرخ. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئامۆژگارییەکی گشتی فەرموو: وهەمووتان ببنە برای یەکتر بە وازهێنان لەو شتانەی باسکران لە نەهی لێکراوەکان، وبە بەخشینی خۆشەویستی و نەرمو نیانی ودڵسۆزی ودڵڕاگرتن وکۆمەکی لە خێردا، لەگەڵ پاکی دڵ وبوونی ئامۆژگاری لە نێوانتاندا لە هەموو کاتێکدا. ولەداخوازی ئەم برایەتییە: ستەم لەبرای موسوڵمانی نەکات و سنوری نەبەزێنێت. و واز لەبرای موسوڵمانی نەهێنێت كە ستەمی لێبکرێت وسەری نەخات وپشت گوێی بخات؛ لە کاتێکدا دەتوانێت سەری بخات و ڕێگر بێت لە ستەم لێکردنی. و بەکەمی نەزانێت و بەچاوی سوک وتوانجەوە سەیری نەکات؛ ئەم کارەیش سەرەنجامی خۆبەگەورەزانین ولووتبەرزییە. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سێ جار ڕوونی کردەوە کە تەقوا لە دڵدایە، وهەرکەسێک تەقوا هەبێت لە دڵیدا ئەوا موسوڵمان بەکەم سەیر ناکات -چونكە بوونی تەقوا وا دەخوازێت ڕەوشت جوانی، وترسان له الله و هەست کردن بە چاودێری الله ی لەخۆ گرتبێت-، وبەسە بۆ کەسێک لە خووە خراپەکان وڕەوشتە ناشیاوەكان كە برا موسوڵمانەکەی بەکەم سەیر بکات، وهیچ کەس وا نابێت مەگەر خۆ بەگەورەزانین لە دڵیدا هەبێت. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- جەختی كردەوە لەسەر هەموو ئەوانەی باسکران بەوەی هەموو شتێكی موسوڵمان لەسەر موسوڵمان حەرامە: خوێنی؛ بەوەی بیکوژێت یان برینداری بکات یان لێی بدات وهاوشێوەکانی، وماڵی؛ بەوەی لێی ببات بە بێ حەق، وناموسی؛ بەوەی لۆمەی بکات یان لۆمەی پێگە وڕەچەڵەکی بکات.