لە عبداللەی کوڕی بوسرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: پیاوێک هات بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا شەریعەتەکانی (فەرمانەکانی) ئیسلام لەسەرم زۆر بووە، شتێكم پێ بڵێ کە دەستی پێوە بگرم؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «زمانت بەردەوام شێدار بێت بە زیکر ویادی خوای گەورە». (سەحیح - ڕاست) - (الترمذي وابن ماجه وأحمد) ڕیوایەتیان كردووە
explain-icon

شیکردنەوە

پیاوێك سكاڵای هێنا بۆ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەوەی پەرستنە سونەتەكان زۆر بوون لەسەری هەتا وای لێهاتووە ناتوانێت ئەنجامیان بدات بەهۆی لاوازبوونی، پاشان پرسیاری لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- كرد بۆئەوەی ڕێنیشاندەری بێت بۆ كردەوەیەكی ئاسان كە ببێـتە هۆی بەدەستهێنانی خێری زۆر ودەستی پێوە بگرێت. پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕێنموێنی كرد بەوەی زمانی بەردەوام شێدار وجوڵاو بێت بە یادكردنی الله -سبحانه وتعالی- لە هەموو كات وحاڵێكدا؛ ئەمیش بە ووتنی (سبحان الله والحمد لله واستغفر الله) ونزاكردن وزیكرەكانی تر.

explain-icon

لە سوودەکانی فەرموودەکە

  • فەزڵ وپلە وپایەی بەردەوامبوون لەسەر یادی خواى گەورە -سبحانه وتعالی-.
  • لە گەورەیی فەزڵی پەروەردگار ئەوەیە هۆکارەکانى دەستکەوتنی پاداشتی ئاسانکردووە.
  • جیاوازی فەزڵ وپلەى بەندەکان لە بەشیان لە دەرگاکانى خێر وچاکەکاری.
  • زۆر یادکردنی خواى گەورە بە زمان بە تەسبیح وتەحمید وتەهلیل وتەکبیر وجگە لە ئەوانە؛ کە یادکردنی دڵیشی لەگەڵدا بێت جێگای زۆرێک لە پەرستنە سونەتەکان دەگرێتەوە.
  • پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕەچاوی پرسیارکاران دەکات بە وەڵامدانەوەى هەریەکێکیان بەو شێوەیەی گونجاوە بۆیان.