پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- عەماری كوڕی یاسری نارد لەسەفەرێكدا -ڕەزای خوای لێبێت- بۆ جێبەجێكردنی پێویستیەك، بەڵام ئەو تووشی لەشگرانی بوو ؛ بەهۆی جووتبوون یان دابەزینی مەنی بەشەهوەت، وئاوی دەست نەكەوت بۆ خۆشۆردن، وحوكمی تەیەمومی نەدەزانی بۆ حاڵەتی لەشگران بوون، تەنها حوكمەكەی دەزانی بۆ دەستنوێژگرتن. ئیجتیهادی كرد وگومانی وابوو ؛ هەروەكو چۆن بۆ ڕووداوی بچووك هەندێك لە ئەندامەكانی دەستنوێژگرتن مەسح دەكرێت بە خۆڵ، بەهەمان شێوە بۆ تەیەموم كردن لە لەشگرانی دەبێت خۆڵ هەموو لاشە بگرێتەوە؛ ئەمیش بەپێوان -قیاس- لەسەر ئاو، خۆی هەڵگێڕا لەنێو خۆڵەكە هەتاوەكو هەموو لاشەی بوو بە خۆڵ ونوێژی كرد، كاتێك هات بۆ لای پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- وئەمەی بۆی باسکرد، بۆئەوەی بزانێت ئایا كارەكەی دروستە یان نا؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- چۆنیەتی تەیەموم كردنی بۆ ڕوونكردەوە بۆ ڕووداوی بچووك، وبۆ ڕووداوی گەورە وەكو لەشگرانی، ئەویش ئەوەیە یەك جار ؛ دەستەكانی بدات بەسەر خۆڵی سەر زەوی، پاشان دەستی چەپ مەسح بكات بەسەر دەستی ڕاست، ودیوی سەرەوەی دەستەكان وڕووی مەسح بكات.