پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- هەستا بۆ وتاردان لەنێو هاوەڵانی و پێنج ڕستەی تەواوی پڕ لە مانای فەرموو، ئەوانیش: یەکەم: خوای گەورە -عز وجل- ناخەوێت. دووەم: دەرهەق بە ئەو خەوتن مەحاڵە؛ بەهۆی كامڵێتی لە ڕاگیركاری بوونەوەرەكانیدا و لە هەمیشە زیندووێتیدا. سێیەم: ئەو زاتە -سبحانه وتعالی- تەرازوو نزم دەکاتەوە و بەرزی دەکاتەوە بە پێی كێشی کردەوەی بەندەكان؛ كە بەرز دەكرێنەوە بۆ لای ئەو، و ئەو ڕزق و ڕۆزییانە دەپێوێت كە بۆ سەر زەوی دادەبەزن، جا ئەو ڕزقەی کە بەشی هەر خوڵقێنراوێكە؛ خوای گەورە -سبحانه وتعالی- نزمی دەکاتەوە بۆیە كەم دەبێتەوە، یان بەرزی دەکاتەوە بۆیە فراوان دەبێت. چوارەم: ئەو كردەوانەی كە بەندەکان بە شەو دەیکەن بۆ لای ئەو بەرز دەکرێنەوە؛ پێش ئەوەی ڕۆژی دواتر بێت، و کردەوەکانی ڕۆژ بەرز دەكرێنەوە پێش ئەوەی کردەوەکانی شەوی دواتر بێت، فریشتە تۆماركارەكان کردەوەکانی شەو بەرز دەكەنەوە لە پاش تەواوبوونی شەو؛ و لە سەرەتای ڕۆژدا، و کردەوەکانی ڕۆژ بەرز دەكەنەوە لە پاش تەواوبوونی ڕۆژ؛ و لە سەرەتای شەودا. پێنجەم: پەردەکەی خوای گەورە -سبحانه وتعالی- كە ڕێگرە لە بینینی ئەو؛ لە ڕووناکی یان ئاگرە، ئەگەر لای بدات؛ ئەوا ڕووناکی ڕووی پیرۆزی هەموو شتێک دەسووتێنێت کە چاوی پێی بگات لە خوڵقێنراوەكانی، ڕووناكی ڕوخساری بریتییە لە نور و مەزنی و شكۆداری. و مەبەست ئەوەیە: ئەگەر پەردەكە كە ڕێگرە لە بینینی؛ لای بدات و ئاشکرای بکات، و بۆ خوڵقێنراوەکانی خۆی دەربخات؛ ئەوا شكۆمەندی و ڕووناکی ڕووی هەموو شتێک دەسووتێنێت کە بینینی پێی بگات لە خوڵقێنراوەكانی، کە ئەمیش هەموو خوڵقێنراوێك دەگرێتەوە، چونکە بینینی خوای گەورە هەموو بوونەوەرەکانی گرتووەتەوە.