بورەیدە -ڕەزاى خواى لێبێت- هەواڵی ئەوە دەدات کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- سوپایەک یان مەفرەزەیەکی نارد بۆ جەنگ دژی کافرەکان؛ وکەسێکی وەکو سەرکردە دانا لەسەر ئەم سوپایە بۆ ئەوەى یەکگرتوو بن ویەکڕیزییان پارێزراو بێت وکاروباریان بەڕێوە ببات، وفەرمانى بە سەرکردەکە کرد کە تەقواى خواى گەورە بکات ولە خودا بترسێت وسنووری حەرامکراوەکان تێنەپەرێنێت وبە باشی مامەڵە بکات لەگەڵ ئەو مسوڵمانەى لەگەڵ ئەودا دەردەچن، پاشان ڕێنمایی کرد سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن بەرامبەر دوژمنەکان، پێویستە : 1/ خۆیان بپارێزن ودوور بن لە دزی کردن لە دەستکەوتەکانى جەنگ، 2/غەدر وستەم نەکەن (پەیمان مەشکێنن ئەگەر ئەوان پەیمانیان نەشکاند بەڵام ئەگەر ئەوان پەیمانیان شکاند ئەوە حاڵەتێکی ترە)، 3/ لاشەکان نەشێوێنن پاش ئەوەى کوژران، 4/ ئەوانە نەکوژن کە بەشداری جەنگیان نەکردووە وەکو منداڵەکان وبەتەمەنەکان وئافرەتەکان وئەوانەى لە پەرستگاکاندان، 5/ دار مەشکێنن وشوێنی ئاوەدانی تێکمەدەن، لەگەڵ چەند ڕێنماییەکی تر کە لە فەرموودەی تردا زۆر بە ووردی وجوانی باسکراوە، وپێویستە سەرەتا بە بانگەشە کردنیان بۆ هاتنە نێو ئاینی ئیسلام دەستپێبکەن، ئەگەر وەڵامیان دایەوە ئەوا پێویستە کۆچ بکەن بۆ مەدینە، وفێریان بکەن ئەوەى بۆ ئەوان دەبێت بۆ موهاجیرەکان (کۆچکەرەکان) وئەنساڕیەکانیش (پشتیوانەکانیش) دەبێت وئەوەى لەسەر ئەوان دەبێت لەسەر موهاجیرەکان وئەنساڕیەکانیش دەبێت؛ ئەمیش لە ڕوانگەی ئەرک وماف و واجباتەکانەوە، ئەگەر نەیانویست کۆچ بکەن ئەوا وەکو ئەعرابیەکان (ئەو عەرەبانەى لە دەشت دەژین) مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، ئەگەر ئەمەشیان ئەنجام نەدا ئەوا پێویستە باج (جزیە) بدەن، ئەگەر باجیان نەدا ئەوا پێویستە پشتیوان بە خواى گەورە دەست بکەن بە جەنگ لە دژیان، وئەگەر مسوڵمانان دەوری خەڵکانی هەر قەڵایەکیان دا (تەوقیانیان کرد) ئەوا نابێت بەناوى خودا وپێغەمبەرەکەی پەیمانیان پێبدرێت بەڵکو دەبێت پێویستە مسوڵمانان بەناوى خۆیانەوە پەیمان بدەن، چونکە ئەگەر ئەم پەیمانەی بە ناوى مسوڵمانانەوەیە شکێنرا تاوانەکەى کەمترە لە شکاندنی پەیمانێک کە بەناوى خودا وپێغەمبەرەکەیەوە بێت، وبەهەمان شێوە ئەگەر خەڵکانی نێو قەڵاکە داوایان لە مسوڵمانان کرد کە حوکمی خودایان بەسەردا جێبەجێ بکەن ئەوا مسوڵمانان نابێت حوکمی خودایان بەسەردا جێبەجێ بکەن چونکە لەوەیە حوکمێک بکەن بەناوی حوکمی خوداوە ولە ڕاستیشدا حوکمی خودا نەبێت یان لەوەیە لە جێبەجێکردنی حوکمەکەدا ڕاستی نەپێکن، وئەمیش تاوانە، بەڵکو دەبێت مسوڵمانان بە پێی توانا وئیجتیهادی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن وحوکمیان بەسەردا جێبەجێ دەکەن.