پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بنچینەیەکی گشتی ڕووندەکاتەوە لە شتەکاندا، کە لەشەریعەتدا بۆ سێ جۆر دابەش دەبن: حەڵاڵێکی ڕوون، وحەرامێکی ڕوون، وشتانێک کە گوماناوین وڕوون نین لە حوکمدا لەڕوانگەی حەڵاڵ وحەرامیەوە، وزۆرێک لە خەڵکی حوکمەکانیان نازانن. هەرکەسێک واز لە شتە گوماناویەکان بهێنێت ئەوا دینداریەکەى پارێزراو دەبێت بەهۆی دوورکەوتنەوە لە تووشبوون بە حەرام، وکەسایەتی -ناوبانگی- پارێزراو دەبێت لە قسەی خەڵکی چونکە ڕەخنەی لێدەگرن لەکاتی کردنی ئەم شتە گوماناویەدا. بۆیە ئەوەى دوور نەکەوێتەوە لە شتە گوماناویەکان ئەوا خۆی تووشی یەکێک لەم دوو شتە یان هەردوویان دەکات: یان ئەوەتا تووشی حەرام دەبێت، یان ئەوەتا خەڵکی ڕەخنەى لێدەگرن وتانەى لێدەدەن. وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نمونەیەکی هێنایەوە بۆئەوەى حاڵی ئەو کەسە ڕوونبکاتەوە کە شتە گوماناویەکان دەکات وەکو شوانێک وایە کە مەڕەکانی لە دەوری خاکێکی سنورداردا بلەوەڕێنێت، نزیکە لەوەى مەڕو ماڵاتەکەی لەم لەوەڕگا سنوردارە بخۆن ؛ بەهۆی نزیکبوونەوەیان لێی، بەهەمان شێوە ئەوەی شتێکی گوماناوی دەکات ؛ نزیک دەبێتەوە لە حەرام وڕەنگە تووشی ببێت. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوەی کرد کە لەلاشەدا پارچە گۆشتێک هەیە (ئەویش دڵە) ئەگەر چاک بێت ؛ ئەوا لاشەیش چاک دەبێت، وئەگەر خراپ بێت ؛ ئەوا لاشەیش خراپ دەبێت.