پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- موژدە دەدات بە حەوت كۆمەڵ لە ئیمانداران بەوەی خوای گەورە دەیانخاتە ژێر سێبەری عەرشی خۆی لە ڕۆژێكدا كە هیچ سێبەرێك نییە جگە لە سێبەری ئەو: یەكەم: پێشەوایەكی -دەسەڵاتدارێكی- دادپەروەر كە لە خودی خۆیدا فاسق وتاوانكار نییە، ولە نێو خەڵكەكەیدا دادپەروەرە وستەم ناكات؛ ئەمیش كەسانی خاوەن دەسەڵاتە باڵاكان دەگرێتەوە، هەروەها هەموو ئەوانەیش دەگرێتەوە كە دەكرێن بە بەرپرسیار لەسەر شتێك لە كاروباری مسوڵمانان ودادپەروەرن تێیدا. دووەم: گەنجێك گەورە وپەروەردە بووبێت لەسەر پەرستنی الله، وتەمەن وچالاكی لەم ڕێگایەدا بەسەر ببات؛ هەتاكو لەسەر ئەم حاڵە وەفاتی كرد. سێیەم: پیاوێك دڵی بەستراوەتەوە بە مزگەوت، ئەگەر لە مزگەوت دەربچێـت دڵی لەلای گەڕانەوەیە بۆی بەهۆی زۆری خۆشەویستی بۆ مزگەوت وپابەند بوونی خۆی ودڵی پێوەی؛ ئەگەرچیش بە لاشە لەبەر هۆكارێك لە دەرەوەی مزگەوت بێت. چوارەم: دوو پیاو بە ڕاستیەوە یەكتریان خۆشدەوێت لە پێناو الله، ولەسەر ئەم خۆشەویستیە ئاینیە بەردەوامن ونەیانپچڕی لەبەر هۆكارێكی دونیایی؛ ئینجا لە ڕاستیدا بە لاشە گەیشتبێتن بە یەك یان نا هەتاوەكو مردن لە یەكیانی جیا كردەوە. پێنجەم: پیاوێك ئافرەتێك بانگی بكات بۆ كاری داوێن پیسی لەگەڵ خۆیدا، لەكاتێكدا ئافرەتەكە خاوەن بنەماڵەی بەناوبانگ وناوداری وسامان وجوانی بێت؛ بەڵام پیاوەكە ڕەتی بكاتەوە وبڵێت: من لە الله دەترسم. شەشەم: پیاوێك خێرێكی كەم یان زۆر دەكات، ولەم كارەیدا ڕیایی -پێش چاوی- ناكات بەڵكو دەیشارێتەوە هەتاوەكو دەستی چەپی نازانێت دەستی ڕاستی چی دەبەخشێت. حەوتەم: پیاوێك لە تەنهاییدا ودوور لەخەڵكی یادی الله دەكاتەوە لە دڵیدا یان لە زمانیدا؛ بۆیە چاوەكانی پڕ دەبن لە فرمێسك لە ترسی الله و بەمەزندانانی ئەو -سبحانه وتعالی-.