پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لەگەڵ هاوەڵانی بوو لە دەعوەتییەکدا، وگۆشتی باڵی مەڕی پێشكەشكرا لە کاتێکدا پەسەندترین گۆشت بوو بەلایەوە، وپارچەیەک لە گۆشتەکەی بەسەری ددانەکانی پچڕی وپاشان قسەی بۆیان كرد، وفەرمووی: من گەورە وسەرداری نەوەكانی ئادەمم لە ڕۆژی قیامەتدا، ئەمەیشی فەرموو وەک باسکردنی نیعمەتەكانی خوای گەورە بەسەریەوە. پاشان فەرمووی: دەزانن بۆچی؟ فەرمووی: خەڵكی لە ڕۆژی قیامەتدا كۆ دەكرێنەوە لەسەر یەك زەوی پان وتەخت وفراوان، وئەوەی لەسەر ئەو خاكەیە بانگكارێك بانگ بكات دەیبیستن وئەوەی سەیر بكات هەموویان دەبینێت وهیچی لێ ناشاردرێتەوە؛ چونكە زەویەكە تەختە وهیچ شوێنێكی تێدا نییە بۆئەوەی یەكێك خۆی تێدا بشارێتەوە، وهەموویان وەكو یەك دەبینرێن، وئەگەر کەسێک قسە بكات؛ كۆتا كەس گوێی لێدەبێت، وهەمووان لە دیارن ولەپێش چاو ون نابن، وخۆر نزیك دەبێتەوە لە خوڵقێنراوەكان بە ئەندازەی یەك میل، تووشی ناڕەحەتی وغەم وخەفەتێكی زۆر دەبن وچیتر ئارام ناگرن وتوانایان نامێنێت، بۆیە بەدوای ڕزگاربووندا دەگەڕێن لەڕێگای شەفاعەت كردنەوە. خوای گەورە ڕێنموێنی ئیمانداران دەكات بۆئەوەی بچن بۆ لای ئادەم (باوكی مرۆڤایەتی)، دەڕۆن بۆ لای ئادەم وباسی فەزڵی دەكەن، بۆئەوەی شەفاعەتیان بۆ بكات لەلای الله -عز وجل-، پێی دەڵێن: تۆ ئادەمیت وباوكی مرۆڤایەتیت، خوای گەورە بەدەستەكانی تۆی خوڵقاندووە، وفەرمانی كرد فریشتەكان سوجدەت بۆ ببەن، وناوی هەموو شتێكی فێركردیت، وڕۆحی بەبەردا کردویت، وعوزر خوایی دێنێتەوە ودەفەرموێت: ئەمڕۆ پەروەردگارم توڕەبوونێک توڕە بووە، نە لەمەوبەر وا توڕە بووە ونه لەمەودوا وا توڕە دەبێت، پاشان گوناهەكەی باسدەكات، ئەویش ئەوەیە خوای گەورە -سبحانه وتعالی- نەهی لێكرد لە دارێک بخوات؛ بەڵام ئەو لە دارەكەی خوارد، وئادەم دەفەرمووێت: نەفسی خۆم شایستەیە شەفاعەتی بۆ بكەم، بڕۆن بۆ لای یەكێكی تر، بڕۆن بۆ لای نوح پاشان دێن بۆ لای نوح، ودەڵێن: تۆ یەكەم نێردراوی (ڕەسولی) خودایت بۆ خەڵكی سەر زەوی، وخوای گەورە بە بەندەیەكی سوپاسگوزار ناوی هێناویت، بەڵام نوح داوای لێبووردن دەكات، ودەفەرموێت: ئەمڕۆ پەروەردگارم توڕەبوونێک توڕە بووە، نە لەمەوبەر وا توڕە بووە ونه لەمەودوا وا توڕە دەبێت، نزایەكم هەبوو كە دەستبەجێ وەڵامدەدرایەوە؛ وئەو نزایەم كرد لەسەر گەلەكەم، نەفسی خۆم شایستەیە شەفاعەتی بۆ بكەم، بڕۆن بۆ لای یەكێكی تر، بڕۆن بۆ لای ئیبراهیم. پاشان دێن بۆ لای ئیبراهیم، ودەڵێن: تۆ خەلیلی خودایت لەنێو خەڵكی سەر زەوی، (خەلیل: واتا ئەوپەڕی پلەی خۆشەویستی)، شەفاعەتمان بۆ بكە لەلای پەروەردگارت، ئایا نابینی لە چی حاڵێكداین؟! ئیبراهیم دەفەرموێت: ئەمڕۆ پەروەردگارم توڕەبوونێک توڕە بووە، نە لەمەوبەر وا توڕە بووە ونه لەمەودوا وا توڕە دەبێت، من سێ درۆم كردووە؛ ئەویش ئەوەیە كاتێك ووتی: من نەخۆشم، وكاتێك ووتی: گەورەكەیان ئەمەی كرد، وكاتێك بە سارای ووت: بڵێ من براتم بۆئەوەی سەلامەت بێت لە زیان وشەڕ. هەق وڕاستی ئەوەیە ئەمانە قسەی ناڕاستەوخۆن ودرۆ نین، بەڵام چونكە شێوەیان لە شێوەی قسەی درۆ دەچێت؛ نیگەرانە سەبارەتیان وخۆی بە بچووك دادەنێت لەئاست شەفاعەت كردن، چونكە هەركەسێك زیاتر خودا بناسێت وزیاتر لێی نزیك بێت ئەوا ترسی لە خودا زیاترە، ودەفەرمووێت: نەفسی خۆم شایستەیە شەفاعەتی بۆ بكەم، بڕۆن بۆ لای یەكێكی تر، بڕۆن بۆ لای موسا. پاشان دێن بۆ لای موسا، ودەڵێن: ئەی موسا تۆ پێغەمبەری خودایت، وخوای گەورە فەزڵ وپلەی بەرزی پێبەخشیوویت بە پەیامەكەی وبە قسە كردنی لەگەڵت، شەفاعەتمان بۆ بكە لەلای پەروەردگار، ئایا نابینی لە چی حاڵێكداین؟! موسا دەفەرموێت: ئەمڕۆ پەروەردگارم توڕەبوونێک توڕە بووە، نە لەمەوبەر وا توڕە بووە ونه لەمەودوا وا توڕە دەبێت، من كەسێكم كوشت؛ لەكاتێكدا فەرمانم پێنەكرابوو بە كوشتنی، نەفسی خۆم شایستەیە شەفاعەتی بۆ بكەم، بڕۆن بۆ لای یەكێكی تر، بڕۆن بۆ لای عیسای كوڕی مەریەم. پاشان دێن بۆ لای عیسا، ودەڵێن: ئەی عیسا تۆ پێغەمبەری خودایت، وبەفەرمانی خودا لە سکی دایکتدا دروست بویت، وكاتێك كۆرپە بوویت قسەت لەگەڵ خەڵكیدا كردووە، شەفاعەتمان بۆ بكە لەلای پەروەردگار، ئایا نابینی لە چی حاڵێكداین؟! موسا دەفەرموێت: ئەمڕۆ پەروەردگارم توڕەبوونێک توڕە بووە، نە لەمەوبەر وا توڕە بووە ونه لەمەودوا وا توڕە دەبێت، وهیچ گوناهێكی باس نەكردوووە ئەنجامی دابێت، وفەرمووی: نەفسی خۆم شایستەیە شەفاعەتی بۆ بكەم، بڕۆن بۆ لای یەكێكی تر، بڕۆن بۆ لای موحەممەد. پاشا دێن بۆ لای موحەممەد، ودەڵێن: ئەی موحەممەد تۆ كۆتا پێغەمبەری خودایت، وخوای گەورە لە گوناهەكانی ڕابردوو وداهاتووت خۆش بووە، شەفاعەتمان بۆ بكە لەلای پەروەردگار، ئایا نابینی لە چی حاڵێكداین؟! پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: دەچم بۆ ژێر عەرش، وسوجدە دەبەم بۆ پەروەردگارم -عز وجل-، پاشان خوای گەورە ئیلهام وڕێنموێنیم پێدەبەخشێت بۆ ووتنی هەندێك ستایش وحەمد وسوپاسكردن؛ كە لە پێشوودا بە هیچ یەكێك نەبەخشراوە، پاشان دەووترێت: ئەی موحەممەد؛ سەرت بەرز بكەرەوە، داوا بكە؛ پێت دەبەخشرێت، وشەفاعەت بكە؛ بۆت جێبەجێ دەكرێت، ئەویش سەری بەرز دەكاتەوە، ودەفەرموێت: ئەی پەروەردگار ئومەتەكەم، ئەی پەروەردگار ئومەتەكەم، ئەی پەروەردگار ئومەتەكەم، بۆیە شەفاعەتەكەی قەبوڵ دەكرێت. وپێی دەووترێت: ئەی موحەممەد ئەوانەی لێپرسینەوەیان لەسەر نییە لە ئومەتەكەت؛ لە دەرگای ڕاستی بەهەشتەوە بیانبە بەرەو بەهەشت، لەكاتێكدا ئەوان بەشداری خەڵكین لە دەرگاكانی تریشدا. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: سوێند بە ئەوەی نەفسی منی بەدەستە، دووری نێوان چوارچێوەی دەرگاكانی بەهەشت وەك دووری نێوان مەككە وسەنعایە لە یەمەن، یان وەكو دووری نێوان مەككە وبوسڕایە لە شام -بوسڕا: واتا شاری حەوران-.