پەروەردگار -سبحانه وتعالى- ساقی* پیرۆزی خۆی ئاشکرا دەکات، هەموو ئیماندارێک سوجدەی بۆ دەبات، بەڵام مونافیقەکان ئەوانەى کە لە دونیادا سوجدەیان دەبرد بۆ ئەوەى خەڵکی بیانبینێت، سوجدە برندنیان لێ قەدەغە دەکرێت، وپشتیان وەکو یەک بڕبڕەی لێدێت (وەکو یەک ئێسکی لێدێت)، ناتوانن خۆیان بچەمێننەوە وسوجدە ببەن چونکە ئەوان لە ڕاستیدا لە دونیادا سوجدەیان بۆ خواى گەورە نەدەبرد بەڵکو سوجدەیان دەبرد بۆ مەرامی دونیایی وبۆ ئەوەی خەڵکی بیانبینێت، ونابێت ساق بە واتایی سەختی وناڕەحەتی یان جگە لەمانە لێبکدرێتەوە، بەڵکو دەبێت باوەڕمان بەوە هەبێت کە خواى گەورە ساقی هەیە ئەمیش بە بێ لێکدانەوەى چۆنیەتی وبە بێ چواندنى بە دروستکراوەکان، وبە بێ لێکدانەوە ولادانى لە واتا ڕاستەقینەکەی وبە بێ نەهێشتن وپەکخستنی واتا ڕاستەقینەکەى. *(ساق: نیوەی خوارەوەى قاچەکانە، ئەو پارچە ئێسکە درێژەیە کە ئەژنۆکان بە پێیەکان وگوێزنگەکانەوە دەبەستێت)