پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەیانیەکیان دواکەوت لە دەرچوون بۆ ئەنجامدانى نوێژی بەیانی، هەتاوەکو نزیک بوو لەوەى خۆر دەربچێت، بۆیە بەخێرایی هات بۆ لایان، وفەرمانیکرد بە ئەنجامدانى نوێژ، وپێشنوێژی بۆیان کرد ونوێژەکەى پوخت کردەوە، وکاتێک نوێژەکە تەواو بوو، فەرمانیکرد بەوەی لە شوێنی خۆیان بمێننەوە ونەڕۆن، وپاشان هۆکاری دواکەوتنی بۆ نوێژی بەیانی ڕوونکردەوە، شەو هەستا ودەستنوێژی گرت، وپاشان بە پێی ویستی خواى گەورە چەند ڕکاتێک نوێژی کرد، وپاش ئەوە خەوت، وخواى گەورەی بینی لە خەودا لەسەر جوانترین شێوە، وپەروەردگار پرسیاری لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کرد: فریشتە نزیکەکان گفتوگۆ سەبارەت بە چی دەکەن؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: نازانم، ئەم پرسیار و وەڵامە سێ جار دووبارە بوویەوە، پاشان خواى گەورە ناو لەپی خستە نێوان شانەکانى پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەتاوەکو پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەستی بە ساردی پەنجەکانى کرد لە سینگیدا، وئەم وەسفەى پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وەسفێکی هەق وڕاستیە، پێویستە مرۆڤ باوەڕی هەبێت بە بێ چواندنی بە هیچ شت وکەسێک، وهەرکەسێک نەیتوانى لەمە تێبگات ئەوا وەکو ئەو زانایانە بێت کە خواى گەورە وەسفیانی کردووە ودەفەرموێت: {وَٱلرَّٰسِخُونَ فِى ٱلْعِلْمِ يَقُولُونَ ءَامَنَّا بِهِ كُلٌّ مِّنْ عِندِ رَبِّنَا} [ال عمران: 7] واتە: {ئەوانەی دامەزراون لە زانینی عیلمی شەرعیدا ئەڵێن ئێمە بڕوامان ھێناوە بە (موتەشابیھەکان) ھەمووی لە پەروەردگارمانەوەیە} ونابێتە بیر لە شتێک بکاتەوە کە زانستی سەبارەتی نەبێت وئەقڵی ناتوانێت لێی تێبگات هەرچەندە هەوڵ بدات چونکە ئەقڵ وبیرکردنەوەى مرۆڤیش سنووری دیاریکراوی هەیە هەروەکو ئەندامەکانى تر، چونکە لەوەیە بەهۆی ئەمەوە تیا بچێت، هەرچەندە ئیمانداران شتێک ببیستن وەکو ئەم بابەتانە دەڵێن: ئەم هەواڵە خواى گەورە وپێغەمبەرەکەى باسیکردووە وباوەڕمان پێیەتی و بەهۆی ئەم باوەڕبوونەوە ئیمانیان زیاد دەکات وزیاتر ملکەچی فەرمانەکانى خواى گەورە دەبن، کاتێک خواى گەورە ناولەپی خستە نێو شانەکانى پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەموو شتێکی بۆ ڕوون بوویەوە و زانستی بەدەستهێنا سەبارەت بە وەڵامەکەى، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: گفتوگۆ دەکەن سەبارەت بە ئەو کردەوانەی کە دەبـێتە هۆی لێخۆشبوونی تاوانەکان، وهەروەها گفتوگۆیان سەبارەت بە جێگیربوونی ئەو کردەوانە وبەرزکردنەوەیانە بەرەو ئاسمان، یان باسی پلە وفەزڵی ئەو کردەوانە دەکەن، ولەو کردەوانەش کە دەبنە هۆی لێخۆشبوون لە تاوان وگوناهەکان: چوون بۆ نوێژە جەماعەتەکان، ودانیشتن لە مزگەوت لە پاش نوێژەکان لە مزگەوتدا بۆ یادی خواى گەورە وخوێندنەوەى قورئان وفێربوون وفێرکردنی زانستی شەرعی، وهەروەها لەو کردەوانەش: بە جوانى وڕێکی دەستنوێژگرتن لە کاتی سەرما وناڕەحەتیدا، وپاشان پەروەردگار فەرمووی: پاشان فریشتە نزیکەکان گفتوگۆ سەبارەت بە چی دەکەن؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: بەخشینی خواردن بە هەژارەکان، قسەکردن بە نەرم ونیانی لەگەڵ خەڵکی، و شەونوێژکردن لە کاتێکدا خەڵکی نوستوون، خواى گەورە بە پێغەمبەری فەرموو -صلى اللە علیە وسلم- : هەرشتێکت دەوێت داواى بکە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- داواى لە خواى گەورە کرد بۆئەوەى سەرکەوتووی بکات بۆ ئەنجامدانى کردەوە خێر وچاکەکان، ودووربوون لە کردەوە شەڕ وخراپەکان، وخۆشویستنی هەژارەکان، ولێی خۆش بێت وڕەحمی پێبکات، وئەگەر ویستی خەڵکانێک تاقی بکاتەوە -لە بیروباوەڕیاندا وگومڕایان بکات- بیمرێنێت وبەو فیتنەیە تاقی نەکاتەوە وگومڕا نەبێت، وڕزقی خۆشویستنی خواى گەورە پێببەخشێت وئەوانەى خۆش بوێت کە ئەو زاتە مەزنەیان خۆش دەوێت، وئەو کردەوانەی خۆش بوێت کە لە خۆشەویستی خواى گەورە زیاتر نزیکی دەکەنەوە، پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بە هاوەڵانی فەرموو ئەم خەونە هەق وڕاستییە، وفەرمانى پێیانکرد بەوەی فێری ببن وخەڵکی فێر واتا وحوکمەکانى بکەن.