ئەم فەرموودەیە چەند شتێک ڕووندەکاتەوە: 1- ئەوەى شایستەترە پێشنوێژی -ئیمامەتی- بۆ خەڵکی دەکات؛ ئەو کەسەیە کە زۆرترین بەش لە قورئانی لەبەرە، ودەبێت ئەحکامەکانى نوێژ وخوێندنی قورئان بزانێت؛ چونکە کەسێک نەزان بێت بە ئەحکامەکانى نوێژ ئەوا نابێت پێشنوێژی بۆ خەڵکی بکات وهەروەها کەسێک قورئانی لەبەر بێت بەڵام لە خوێندنەوەیدا هەڵە بکات بەهەمان شێوە نابێت پێشنوێژی بکات، وئەگەر دوو کەس لە لەبەرکردنی قورئان یەکسان بوون، ئەوەیان پێشنوێژی دەکات کە شارەزاترە سەبارەت بە سونەت، وئەگەر لەمەیشدا یەکسان بوون، ئەوەیان پێشنوێژی دەکات کە زووتر کۆچی کردە لە مەککەوە بۆ مەدینە، وئەگەر لەمەیشدا یەکسان بوون، ئەوا ئەوەیان پێشنوێژی دەکات کە زووتر مسوڵمان بووە. 2- نابێت میوان پێشنوێژی بکات بۆ خاوەن ماڵ مەگەر بە ڕوخسەتی خاوەن ماڵ نەبێت، خاوەن ماڵەکە لە پێشترە بۆ پێشنوێژی کردن زیاتر لە میوانەکە، یان لە هەر شوێنێکی تر بۆ نمونە ئەگەر مزگەوتێک ئیمامێک بەڕێوەى ببات ئەگەر کەسێک بێت وبیەوێت پێشنوێژی بکات ئەوا دەبێت ڕوخسەت لە ئیمامی مزگەوتەکە وەربگرێت چونکە ئەگەر بەم شێوەیە نەبێت پشێوی دروست دەبێت ونرخ دانەنانە بۆ پلەپایەی خەڵکی. 3- ونابێت میوانێک لە شوێنێک خۆی دابنیشێت لە خانووی خاوەن ماڵەکەدا مەگەر لە پاش ڕوخسەتی خاوەن ماڵ نەبێت، چونکە لەوەیە لە شوێنێک دابنیشێت گونجاو نەبێت.