پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- موژدە دەدات بە ئومەتەکەى بەوەى خواى گەورە -سبحانه وتعالى- نیشانەیەکی ڕێزگرتنی تایبەتیان پێدەبەخشێت لە نێوان ئومەتەکاندا لە ڕۆژی قیامەت، ولە نێو خەڵکی بانگدەکرێن ودێن لە پێش هەموو بوونەوەرەکاندا دەموچاو ودەست وپێیان دەدرەوشێتەوە بە نور وڕۆشنایی، وئەمیش بەهۆی شوێنەواری ئەم پەرستنە مەزنە کە دەستنوێژ گرتنە، چونکە ئیماندار ڕۆژانە بەردەوام ئەنجامیانداوە لە پێناو ڕەزامەندی خواى گەورە وداواکردنی پاداشتەکانى، وبۆیە پاداشتەکەی ئەم پلە سوپاسکراوە مەزنە تایبەتەیە، وپاشان ئەبو هورەیرە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: (بۆیە هەرکەسێک توانى شوێنی درەوشانەوەکە زیاتر بکات؛ ئەوا با ئەنجامی بدات)؛ چونکە هەرچەندێک شوێنی شۆردنەکە زیاتر بێت ئەوا درەوشانەوە وڕۆشناییەکە زیاتر دەبێت، بەڵام ئەوەى ڕێگەپێدراوە لە شەریعەتدا شۆردنی دەستەکانە هەتاوەکو ئانیشکەکان وئانیشکەکانیش دەشوات وهەروەها شۆردنی هەندێک لە بەشی سەرەوەى ئانیشکەکانیش ڕێگەپێدراوە، وهەروەها شۆردنی پێیەکان هەتاوەکو قولەپێکان (گوێزنگەکان) وقولەپێکانیش دەشوات وهەروەها شۆردنی بەشێک لە ساق لە سەرەوەى قولەپێکان ڕێگەپێدراوە لە کاتی دەستنوێژ گرتندا، بەڵام شۆردنی ئێسکی باڵ (کە دەکەوێتە ئانیشکەکان وجومگەى شانەکان) وشۆردنی ئێسکی ساق (کە دەکەوێتە نێوان قولەپێکان وئەژنۆکان) بە شێوەیەکی کامڵ داواکراو نییە لە شەریعەتدا بەڵکو تەنها بەشێکیان دەشوات، ولە گێڕانەوەیەکی تردا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: (تبلُغُ الحِليةُ منَ المؤْمِنِ حَيْثُ يبلُغُ الوُضوءُ) [صحیح الجامع] واتە: (خشڵ وڕازێنەرەوەکانى ئیماندار دەگات بە هەرشوێنێکی لاشەی کە دەستنوێژگرتن پێی بگات).