نوێژکردن هەمووی بەمەزندانانى خودایە بە وتە وکردەوە، ولەم فەرموودەیەدا دروشمی نوێژکردن ڕووندەکاتەوە کە بریتیە لە بە مەزندانانى خودا -سبحانه وتعالى-، وچونکە بە مەزاندانان و بە شکۆدانانى خودای تێدایە بۆیە ئەم زیکرانە کراوە بە دروشمى نوێژکردن. پێش چوونە ناو نوێژ بە پێوە بە ڕێکی ڕادەوەستێت پاشان بە تەکبیرەی ئیحرام* نوێژکردن دەستپێدەکات. وپاش ئەوەى خوێندنەوەى قورئان تەواو دەکات بەرەو ڕکوع بردن دەچێت وتەکبیرەیەکی تر دەکات (جارێکی تر دەڵێت: -الله أکبر-). وئەگەر لە ڕکوع بردن بەرز ببێتەوە، دەڵێت: (سمع الله لمن حمده)** وبە ڕێکی بە پێوە دەوەستێت، وپاشان هەر بە وەستانەوە لە پاش ئەو زیکرەی پێشوو حەمد وسوپاس وستایشی خودا دەکات ئەویش بە ووتنی: (ربنا ولك الحمد)^. وپاشان جارێکی تر تەکبیرە دەکات لە کاتی چوون بۆ سوجدە بردن، وتەکبیرە دەکات کاتێک سەری لە سوجدە بردن بەرز دەکاتەوە، وئەگەر لە پاش تەواو کردنی تەشەهودی -تەحیاتی- یەکەم هەستایەوە ئەوا تەکبیرە دەکات، وپاشان لە هەموو ڕکاتەکانى نوێژەکەیدا ئەمە دووبارە دەکاتەوە هەتاوەکو نوێژەکەى تەواو دەکات، وشەریعەت بۆ هەموو جوڵە وحاڵەکانى ناو نوێژ تەکبیرەی داناوە جگە لە بەرزبوونەوە لە ڕکوع بردن نەبێت کە ئەو زیکرانەى تێدا دەخوێندرێت کە پێشتر باسکرا. *(تەکبیرەی ئیحرام: واتا دەڵێت -الله أکبر-)، **(واتە: خودا ئەوانە دەبیستێت کە حەمد وسوپاسی دەکەن)، ^(پەروەردگارمان حەمد وسوپاس بۆ)