پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وەكو هۆشداریەك هەندێك شتی ڕوونكردەوە كە لە جاهیلیەتدا ڕوویاندەدا، وڕایگەیاند كە هەموو شتێك بە دەستی خوای گەورەیە، وهیچ شتێك بە بێ فەرمان وقەدەری ئەو ڕوونادات، ئەم شتانەیش بریتین لە: یەكەم: خەڵكی لە سەردەمی جاهیلیەتیدا -پێش ئیسلام- پێیان وابوو نەخۆشی بە ویستی خۆی دەگوێزرێتەوە؛ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی كرد لەم بیروباوەڕە كە پێیان وابوو نەخۆشی لە نەخۆشێكەوە بۆ یەكێكی تر تەنها بەهۆی سروشتی خۆی دەگوێزرێتەوە، پەروەردگار گەردوون بەڕێوە دەبات؛ ئەو نەخۆشی دادەبەزێنێت و لەناوی دەبات، وهیچ شتێك لەمانە ڕوونادات بەبێ خواست وقەدەری خوای گەورە -سبحانه وتعالی-. دووەم: خەڵكی لە جاهیلیەتدا ئەگەر دەربچوونایە بۆ گەشتێك یان بازرگانیەك، باڵندەیەكیان هەڵدەدا، ئەگەر بەلای ڕاستدا بڕۆیشتایە؛ دڵخۆش و بەهیوا دەبوون، وئەگەر بەلای چەپدا بڕۆیشتایە؛ ڕەشبین دەبوون ودەگەڕانەوە، بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی لەم كارە كرد، وڕوونی كردەوە ئەمە بیروباوەڕێكی پوچەڵە. سێیەم: خەڵكی لە جاهیلیەتدا دەیانووت: ئەگەر كوندەپەپو (بوم) لەسەر ماڵێك بنیشێتەوە ئەو ماڵە تووشی كارەسات دەبێت ؛ بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی كرد لە ڕەشبینی بەهۆی ئەم شتەوە. چوارەم: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی كرد لە ڕەشبینی بە مانگی سەفەر، ئەمیش مانگی دووەمی ساڵی كۆچیە. ووتراوە: -سەفەر- مەبەست لێی جۆرە مارێكی بچووكە دەچێتە نێو سكی ئاژەڵ ومرۆڤ، وپێیان وابوو ئەم نەخۆشییە سەختترە لە نەخۆشی گەڕی ؛ بۆیە نەهی كرد لەم بیروباوەڕە. پێنجەم: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانیكرد بە دووركەوتنەوە لە نەخۆشی گولی ؛ هەروەكو چۆن لە شێر دوور دەكەویتەوە، ئەمیش بۆ پاراستنی نەفس وسەلامەت بوون وهەروەها جێبەجێكردنی ئەو هۆكارانەی خوای گەورە فەرمانیپێكردووە، وگولی: نەخۆشیەكە ئەندامەكانی لاشەی مرۆڤ دەخوات.