حوزەیفە -ڕەزای خوای لێبێت- بۆمان دەگێڕێتەوە كە ئەگەر ئامادەی خواردنێک بووینایە لەگەڵ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەوا دەستیان بۆ خواردنەکە نەدەبرد هەتاوەکو پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەستیپێدەكرد ودەستی بۆ خواردنەكە دەبرد، وجارێکیان بۆ خواردنێک لە لای ئامادە بووین، وکیژۆڵەیەک هات بەهۆی ئەوەی زۆر خێرا بوو هەروەکو ئەوە وابوو پاڵی پێوە بنرێت، هات بۆ ئەوەى دەست لە خواردنەكە بدات وبیخوات؛ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەستی گرت، پاشان دەشتەکییەک بە خێرایی هات هەروەکو ئەوە وابوو پاڵی پێوە بنرێت؛ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەستی ئەویشی گرت پێش ئەوەی دەستی بەر خواردنەكە بكەوێت، پاشان پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: شەیتان لە خواردنێک دەخوات ئەگەر دەست بكرێت بە خواردنی وناوی الله -سبحانه وتعالی- لەسەر ئەو خواردنە نەهێندرێت، وشەیتان ئەم کیژۆڵەی هێنا بۆئەوەى بتوانێت بەهۆی ئەوەوە لە خواردنەکە بخوات؛ منیش دەستی کیژۆڵەکەم گرت تا لەخواردنەکە نەخوات، دواتر ئەم دەشتەکییەی هێنا بۆئەوەى بەهۆی ئەوەوە بتوانێت خواردن بخوات؛ منیش دەستیم گرت، سوێند بە ئەوەى نەفسی منی بە دەستە، دەستی شەیتان لە نێو دەستی مندایە لەگەڵ دەستی كیژۆلەكە، پاشان ناوی الله ی هێنا -سبحانه وتعالی- (ووتی: بسم الله) ولە خواردنەكەی خوارد.