هەرکەسێک خێر بکات لە دوو شت لە خواردن یان جل یان پارە یان سواری یان هەرشتێکی تر بێت، لە پێناو ڕەزا بوونی خوای گەورە؛ ئەوا فریشتەکان بانگی دەکەن لە دەرگاکانی بەهەشتەوە وپێشوازی لە هاتنی دەکەن، ودەڵێن: خێری زۆرت بەخشی بۆیە ئەمڕۆ پاداشتی زۆر دەدرێیتەوە. ئەوانەی زۆر نوێژ دەکەن لە دەرگای نوێژەوە بانگدەکرێن ودەچنە ژوورەوە، وئەوانەی زۆر خێر دەکەن لە دەرگای خێرەوە بانگدەکرێن ودەچنە ژوورەوە، وئەوانەی زۆر ڕۆژوو دەگرن لە دەرگای ڕەیانەوە فریشتەکان پێشوازیان لێدەکەن وبانگیان دەکەن بۆ چوونە بەهەشتەوە، وڕەیان واتا: ئەو شتەی کە تینویەتی لادەبات چونکە ئەوانەی بەڕۆژوو بوون خۆیان گرتەوە لە ئاو خواردنەوە بۆیە تووشی تینویەتی بوون وبە تایبەت لە ڕۆژانی درێژ وگەرمی هاویندا؛ بۆیە پاداشت دەدرێنەوە بە تینوو نەبوون بۆ هەتاهەتایە لە بەهەشتدا کە لەو دەرگایەوە دەچنە ناویەوە. کاتێک ئەبوبەکر -ڕەزای خوای لێبێت- ئەم فەرموودەیەی بیست، ئەو پرسیارەی کرد، وپێغەمبەریش -صلى اللە علیە وسلم- بەو شێوەیە وەڵامی دایەوە کە لە فەرموودەکەدا هاتووە.