پیاوێک سکاڵای هێنا بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سەبارەت بەوەى هەندێکجار دوا دەکەوێت لە نوێژی جەماعەت یان زۆر لاواز وبێ توانا دەبێت لە کاتی نوێژدا وخەریکە بکەوێتە سەر زەوی؛ ئەمیش بەهۆی ئەوەى ئیمامەکە -پێشنوێژەکە- زۆر نوێژەکە درێژ دەکاتەوە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- زۆر توڕە بوو، وئامۆژگاری خەڵکی کرد وپێیانی فەرموو کە کەسی وا هەیە خەڵکی دەڕەتێنێت ودووری دەکاتەوە لە نوێژکردن، وفەرمانیکرد بەوەى نوێژەکان درێژ نەکەنەوە وبا نوێژەکان پوخت ومامناوەند بێت، ئەمیش بۆ ئاسانکاری لەسەر نوێژخوێنەکان، بۆئەوەى کاتێک نوێژەکە تەواو دەبێت جارێکی تر دڵیان لە لای نوێژکردن بێت وحەز بکەن جارێکی تر بێنەوە نوێژی جەماعەت ئەنجامبدەن، وپێویستە ئیمام -پێشنوێژ- ڕەچاوی حاڵی نوێژخوێنەکان بکات، چونکە کەسی وا هەیە ناتوانێت ئامادەى نوێژی درێژ بێت ئینجا بەهۆی لاوازى یان نەخۆشی یان پێویستی بێت. ئەگەر نوێژخوێن بە تەنها نوێژی ئەنجامدا؛ دەتوانێت بە پێی ویستی خۆی نوێژەکە درێژ بکاتەوە؛ چونکە بەهۆی ئەمەوە زیان لە هیچ کەسێک نادات وحاڵی خۆی دەزانێت.