پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- مەفرەزەیەکی لە سوپا نارد بۆ جیهاد کردن لە پێناو خواى گەورە وئەبو عوبەیدەی كرده فەرماندە وپێشەوایان (ئەمیریان)؛ ئەمیش بۆ ڕێگری کردن لە کاروانێکی قوڕەيش کە گەنم وخۆراکیان پێبوو، توورەکەیەک خورمای پێدان وەکو قووت (بۆ خواردن) وهیچى تری لا نەبوو بۆیان جگە لەوه نەبێت، ئەبو عوبەیدە هەریەکێکیان خورمایەکی پێدەدا ئەمیش بەهۆی کەمی ئەو خۆراکەی پێیان بوو، بۆیە ئەوانیش دەیانمژی ولەگەڵ ئاودا دەیانخواردەوە بۆئەوەى بەشیان بکات وبە دارەكانى دەستیان لەو گەڵای دارانەیان دەوەراند کە وشترەکان لێیان دەخوارد پاشان گەڵاکانیان تەڕ دەکرد ودەیانخوارد چونکە وشک وزبر بوو، کاتێک گەیشتنە كەنارى دەریایەک؛ شتێکیان بینی وەکو گردێکی لم بوو، ونزیکی بوونەوە بینیان نەهەنگێکی گەورەیە پێی دەووترا (نەهەنگی عەنبەر)، ئەبو عوبەیدە نەهی لێکردن لەوەى بیخۆن چونکە مردووە، خواردنی گۆشتی ئاژەڵی مردارەبوو حەرامە بە دەقی ئایەتی قورئانی پیرۆز، پاشان ئەبو عوبەیدە ئیجیتیهادی کرد وڕای گۆڕی وڕێگەى دا بە خواردنی چونکە گۆشتی مردارەوەبوو دروستە بخورێت لە حاڵەتی پێویستدا، بە تایبەتریش لەم حاڵەتەدا چونکە ئەوان دەرچوون بۆ جیهاد کردن لە پێناو خواى گەورە (کە ئەمیش پەرستنی خواى گەورەیە) وتۆڵە سەندنەوەیە لە موشریکەکان، وحوکمی حەڵاڵی مردارەوەبووی ئاژەڵی ئاوی (کە لە نێو ئاودا دەژێت) لە لایان شاراوە بوو، پاشان پێویستی بوونیان وەکو بەڵگە هێنایەوە بۆ خواردنی وهەندێکیان وەکو قووت هەڵگرت بۆئەوەى ببێتە خواردنی ڕێگایان، وکاتێک گەڕانەوە بۆ مەدینە ئەم باسەیان بۆ پێغەمبەری خودا گێڕایەوە -صلى اللە علیە وسلم-؛ ئەویش ڕازی بوو لەسەر کارەکەیان وئەویش لە گۆشتەکەى خوارد چونکە گۆشتی ئاژەڵی مردارەوەبووی ئاوی (کە لە نێو ئاودا دەژێت) حەڵاڵە.