ماعیزی کوڕی مالیکی ئەسلەمی -ڕەزاى خواى لێبێت- هات بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە کاتێکدا لە مزگەوت دانیشتبوو، وبانگی کرد ودانپێدانانى لەسەر خۆی دووپاتکردەوە بەوەى کە زینای کردووە، بەڵام پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕووی لێوەرگێڕا بۆ ئەوەى تەوبە بکات لە نێوان خۆی وخواى گەورە، بەڵام ماعیز هەر دیسانەوە هاتەوە پێشی ودانپێدانانەکەی لەسەر ئەم تاوانە دووپاتکردەوە ولە نەفسی خۆی توڕە بوو ودەیویست خواى گەورە پاکی بکاتەوە لەم تاوانە بە جێبەجێکردنی سنووری شەرعی (الحَد)، بەڵام دیسانەوە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕووی لێوەرگێڕا، ئەمە چوار جار دووبارە بووەوە، هەتا چوار جار شاهێدی لەسەر خۆی دا، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ویستی دڵنیا سەبارەت بە حاڵی وبارودۆخی، بۆیە پرسیاری لێکرد: ئایا شێتە؟ ووتی: نەخێر، وسەبارەت بە ئەقڵ وهۆشی پرسیاری لە خێزانەکەى کرد وئەوان بە خێر وچاکە وەسفیان کرد، وپاشان پرسیاری لێکرد: ئایا ئەو پێشتر هاوسەرگیری شەرعی کردووە یان سەڵتە کە ڕەجم لەسەری واجب نابێت؟ پێیان ووت کە ئەو پێشتر هاوسەرگیری کردووە، وپرسیاری لێکرد: لەوەیە ئەو کارەی ئەنجام نەدابێت کە ڕەجم کردن واجب دەکات، لەوەیە تەنها دەستلێدان یان ماچکردن بێت، بەڵام ئەو دانپێدانانەکەى دووپاتکردەوە کە زینای کردووە. وکاتێک پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دڵنیا بوو لە هەموو ئەمانە وجێگیر بوو، لەم کاتەدا جێبەجێکردنی سنوورەکە (حەدەکە) واجب دەبێت، وفەرمانى بە هاوەڵان کرد بۆ ئەوەى بیبەن ڕەجمی بکەن. بۆیە بردیان بۆ (بەقیعی غەرقەد) کە شوێنی نوێژکردنە لەسەر جەنازە ولەوێ ڕەجمیان کرد، وکاتێک بەهۆی بەردەکانەوە ئازاری پێگەیشت، داوای ڕزگارکردنی کرد وهەوڵی دا ڕزگاری بێت لە مردن ئەمیش بەهۆی سروشتی مرۆڤەوە کە ناتوانێت بەرگەى ئەم ئازارە بگرێت بۆیە ڕایکرد، بەڵام هاوەڵان گرتیان لە ناوچەی (الْحَرَّة) کە شوێنێکە لە شاری مەدینە، وبەردەوام بوون لە ڕەجمکردنی هەتاوەکو مرد، -ڕەحمەت وڕەزای خوای لێبێت-.