فەرموودەکە بەڵگەیە لەسەر حەرامبوونی خوێنی مسوڵمانان کە شاهێدی دەدەن بە (ﻻ إله إﻻ الله ومحمد رسول الله)، وهیچ شتێکیان لێ نەبینراوە کە شاهێدی دانەکە هەڵبوەشێنێتەوە وهۆکاری دەرچوون وهەڵگەڕانەوە بێت لە ئیسلام، چونکە شەریعەت کە هەمووی حیکمەت وداناییە سوورە لەسەر پاراستنی نەفسەکان، بۆیە چەند یاسا وڕێگایەکانى داناوە بۆ پاراستن وبەرگری کردن لە نەفسەکان، لە پاش شیرک -هاوبەشدانان بۆ خواى گەورە-؛ کوشتن گەورەترین تاوانە لە شەریعەتدا. کوشتنی مسوڵمانێک کە شایەتمانی هێنا بێت حەرامە مەگەر پاش ئەنجامدانى یەکێک لەم سێ تاوانە -یان ئەوانەى هاوشێوەی ئەم تاوانانە- نەبێت: 1/ کەسێک زینا بکات پاش ئەوە خواى گەورە نیعمەتی هاوسەرگیری پێبەخشی، ودامێنی پاراست بەهۆی هاوسەرگیری شەرعی دروست. 2/ دەستدرێژی بکاتە سەر نەفسێکی بێ تاوان وبیکوژێت بە ستەم وزوڵمەوە، ودادپەروەری لێرەدا بەو شێوەیە جێبەجێ دەبێت کە هەمان سزای بکوژ بدرێتەوە وئەمیش بۆ ئەوەى هەق بۆ شوێنی خۆی بگەڕێتەوە، وڕێگری بکرێت لە کەسە دەستدرێژکەرەکان لە سنوور تێپەڕاندن. 3/ هەرکەسێک دەربچیت دژی مسوڵمانان ودژایەتی خودا وپێغەمبەرەکەى بکات وبانگەشە بۆ هەڵگەڕانەوە لە ئیسلام بکات، یان ڕێگر وچەتە بێت ومسوڵمانان بترسێنێت وماڵ وسامانیان ببات ودەستدرێژی بکات سەریان، وخراپەکاری وتاوان لە نێوانیاندا بڵاو بکاتەوە کە بەرەو دۆزەخ دەیانبات؛ ئەم جۆرە کەسانە دەبێت بکوژرێن یان لە خاچ بدرێن یان دوور بخرێنەوە وبەند بکرێن، بۆ ئەوەى مسوڵمانان هێور ببنەوە وپارێزراو بن لە شەڕ ودەستدرێژییان. ئەم سێ کۆمەڵەیە دەکوژرێن؛ چونکە لە کوشتنیان پاراستنی ئاین وئاینداری ولاشە وناوبانگ و-شەرەف ونامووس- وماڵ وسامانی خەڵکی تێدایە.