زەکات دڵدانەوەی هەژارەکانە لە لایەن دەوڵەمەندەکانەوە، ئەو کەسانە زەکات نادەن کە پارە وموڵکیان کەمە وبە دەوڵەمەند دانانرێن. شەریعەت نزمترین ڕێژەی دیاریکردووە کە زەکاتی لێ واجب دەبێت، بەڵام ئەو کەسەی کە لەو ڕێژەیە کەمتری هەبێت بە هەژار دادەنرێت وزەکاتی لێوەرناگیرێت. ئەو کەسەی زیوی هەیە، زەکات واجب نیە لەسەری هەتا نەکاتە ڕێژەی پێنج ئۆقیە وهەر ئۆقیەک چل درهەمە، بۆیە کەمتری ڕێژەی زەکاتدان لە زیو دوو سەد درهەمە، کە یەکسانە بە: 595 گرام زیو. وئەو کەسەی وشتری هەیە، زەکاتی لەسەر واجب نابێت، هەتا لە پێنج دانە تێپەڕ نەکات، وئەگەر لە پێج دانە کەمتر بێت ئەوا زەکاتی لەسەر واجب نابێت. وئەوەی خاوەن بەرهەم ودانەوێڵەیە، زەکاتی لەسەر واجب نابێت هەتا بڕی بەرهەمەکەی نەگاتە پێنج وسق وهەر وسقێک دەکاتە شەست صاع، وکەمترین بڕ بۆ دەرکردنی زەکات لە بەرووبوومی دانەوێڵە 300 صاعە کە دەکاتە 612 کیلۆگرام.