کاتێک کافر (بێباوەڕ) چاکەیەک دەکات؛ خواى گەورە ڕزقێکی پێدەبەخشێت لەم دونیایەدا، بەڵام ئیماندار ئەگەر چاکە وپەرستنێک ئەنجامبدات ئەوا خواى گەورە چاکەکانی بۆ دەپارێزێت بۆئەوەى پاداشتی بداتەوە لە قیامەتدا، وڕزقی پێدەبەخشێت لە دونیادا بەهۆی گوێڕایەڵبوونی. لە گێڕانەوەی دووەمدا: خواى گەورە پاداشتی ئیماندار دەداتەوە لە دونیادا بەهۆی کردەوەکانى، وهەروەها لە قیامەتیش پاداشتی دەداتەوە، بەڵام کافر تەنها لە دونیادا پاداشت دەدرێتەوە ولە قیامەتدا پاداشت نادرێتەوە چونکە لەسەر کوفر وشیرک وبێباوەڕی مردووە هیچ چاکەیەکی نییە بۆئەوەى خواى گەورە لەسەری پاداشتی بداتەوە. وزانایان یەکدەنگن سەبارەت بەوەى ئەگەر کافر لەسەر کوفر وشیرک وبێباوەڕی بمرێت ئەوا لە قیامەتدا بە هیچ شێوەیەک پاداشت نادرێتەوە لەسەر چاکەیەک ئەگەرچیش مەبەستی نزیکبوونەوە بێت لە خوای گەورە، چونکە مەرجی پاداشت دانەوە لە قیامەتدا؛ مردنە لەسەر مسوڵمانێتی وئیمان، ولەم فەرموودەیەدا باسی ئەوە کراوە کە تەنها لە دونیادا ڕزقی پێدەبەخشرێت بەهۆی ئەو چاکانەى لە پێناو خواى گەورە ئەنجامیداوە، لەو کردەوانەى کە زۆر جار نیەتی چاکەى لەگەڵدایە وەکو گەیاندنی پەیوەندی خزمایەتی وخێرکردن وڕزگارکردنی بەندە ومیواندرێتی وئاسانکاری کاری خێر وچاکە بۆ خەڵکی وبەو شێوەیە. بەڵام کافر ئەگەر مسوڵمان بێت ئەوا لە قیامەتدا پاداشت دەدرێتەوە لەسەر ئەم کارانە ئەگەرچیش لەکاتى کافربوونی ئەنجامی دابێت بەهۆی فەرموودەى: (أسلمت على ما أسلفت من خير) واتە: (مسوڵمان بوویت لەگەڵ ئەو چاکانەش کە لە پێشووتردا ئەنجامتدا -بۆت دەنووسرێت-).