لەم فەرموودەیەدا خەبابی کوڕی ئەرەت -ڕەزای خوای لێبێت- باسی ئەو ناڕەحەتیانە دەکات کە مسوڵمانان تووشی دەبن بەهۆی ئازاری موشریکەکانی قورەیش لە مەککەدا، هاوەڵان هاتن وسکاڵایان بۆ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هێنا لەکاتێکدا پاڵی دابووەوە لەسەر چارۆکەکەى (بشتەکەى) لە سێبەری مەککەدا، بۆیانی ڕوونکردەوە ئەوانەى پێش ئێمە زیاتر ئازاردران لەم ئازاردانە، کەسی وا هەبوو چاڵێکی بۆ هەڵدەکەندرا وپاشان دەکرایە نێو چاڵەکەوە، ولە سەریەوە بە هەڕە لاشەی دەکرا بە دوو نیوەوە، وبە شانەی ئاسنی گۆشتی وئێسکی لە یەک جیا دەکرایەوە، پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سوێندی خوارد لەسەر ئەوەى خودا ئەم ئاینە کامڵ وتەواو دەکات، واتا: ئەوەى پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێی هاتووە کامڵ دەبێت لە بانگەواز وشەریعەتی ئاینی ئیسلام هەتا ئیسلام دەگاتە هەموو دوورگەى عەرەبی وتەنانەت ڕێبوار لە (سەنعا) ەوە بەرەو (حەزرە مەوت) دەچێـت؛ تەنها لە خودا دەترسێت وهەروەها لە گورگیش بەهۆی پەزەکانیەوە؛ هەروەکو ئاشکرایە ئەم جۆرە ترسە لە شتێک کە هۆکارەکەى دیار بێت حەرام نییە وئاساییە وباسکردنیشی لە پاش ترسی خودا هیچ شتێکی تێدا نییە چونکە ئەم جۆرە ترسە پەیوەندی بە ترسی بیروباوەڕیەوە نییە چونکە ترسێکی سروشتیە لە مرۆڤدا هەیە، پاشان -صلى اللە علیە وسلم- ڕێنموێنی هاوەڵانی کرد بەوەى پەلە نەکەن وئارام بگرن وچاوەڕێی هاتنی ئارامی وخۆشی بکەن لە لایەن خوداوە، خودا ئەم ئاینە کامڵ وتەواو دەکات وبڵاوی دەکاتەوە، وئەوەى پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سوێندی لەسەر خوارد بەو شێوەیە بوو وهەمووی ڕوویدا.