پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کاتێک عائیشە پرسیاری لێیکرد: ئایا هیچ ڕۆژێکت بەسەردا هاتووە ناڕەحەتتر لە ڕۆژی (جەنگی) ئوحود؟ ئەویش فەرمووی: بەڵێ، وباسی ڕۆیشتنی بۆ تائیفی کرد؛ چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کاتێک بانگەوازى قورەیشی کرد لە مەککە، وەڵامی بانگەوازەکەیان نەدایەوە بۆ چوو بەرەوە تائیف؛ بۆئەوەى وتەى خواى گەورە بگەیەنێت وبانگەوازى خەڵکی تائیفی کرد بەڵام لە خەڵکی مەککە خراپتر بوون، بەڵکو بەردیان تێگرت هەتاوەکو پاژنەی پێی خوێنی لێدەهات، کاتێک بانگەوازى ئیسلامی پیشاندا بە ئیبن عەبدیالیل کوڕی عەبدکولال کە یەکێک بوو لە کەسە ناودارەکانى هۆزی سەقیف لە تائیف، بەڵام وەڵامی نەدایەوە، بۆیە دەرچوو وبە خەفەت وناڕەحەتیەکی زۆرەوە بەشێوەیەک نەیدەزانى بەرەو کوێ دەچێت، ئاگای لێنەبوو هەتاوەکو گەیشت بە قەرنی سەعالیب (قَرْنِ الثَّعَالِبِ)، هەورێک سێبەری بۆی دروستکرد، جبریل -علیه السلام- بانگی کرد، فەرمووی: خواى گەورە فریشتەى شاخەکانى ناردووە سەلامت لێدەکات وتۆیش سەلامی لێبکە وئەویش (فریشتەى شاخەکان) فەرمووی: پەروەردگارم منی ناردووە بۆ لای تۆ بۆئەوەى فەرمانم پێبکەیت لەسەریان بەهەرشتێک بتەوێت، ئەگەر بتەوێت دوو شاخەکە* دەدەم بە یەکتردا بۆئەوەى لە نێویدا تیا بچن، بەڵام پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەهۆی ئارامی و لەسەرخۆیی بوونی ودووربینی لەم بانگەوازەدا فەرمووی: نەخێر، چونکە ئەگەر فریشتەکە ئەوە جێبەجێ بکات هەموویان تیادەچن ودەمرن، -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: (بل أرجو أن يخرج الله من أصلابهم من يعبد الله وحده لا يشرك به شيئاً) [متفق علیه] واتە: (بەڵکو هیوام ئەوەیە خواى گەورە لە نەوەکانیان کەسانێک دەربهێنێت کە بە تەنها خواى گەورە بپەرستن وهیچ شەریک وهاوبەشێکی بۆ بڕیار نەدەن). وئەمە ڕوویدا؛ خواى گەورە لە نەوەى ئەو موشریکانەى کە ئازاری پێغەمبەریان دا -صلى اللە علیە وسلم- کەسانێکی دەرهێنا کە خواى گەورەیان بە تەنها دەپەرست وهیچ شەریک وهاوبەشێکی بۆ خواى گەورە بڕیار نەدا و بوون بە سەرخەران وپشتیوانانی ئاینی ئیسلام. *(دوو شاخەکە: کە لە بەرامبەر یەکن وئەوان لە نێویدا دەژین)