پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پرسیاری لێکرا سەبارەت بە خۆ چەماندنەوە وەکو ڕێزگرتنێک لە کاتی گەیشتن بە برای مسوڵمان، فەرمووی: نابێت خۆی بچەمێنێتەوە، پرسیارکار ووتی: ئایا باوەشی پیا بکات وماچی بکات بەڵام خۆی بۆ نەچەمێنێتەوە؟ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: نەخێر، پرسیارکار ووتی: ئایا تەوقەی لەگەڵدا بکات، -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: بەڵێ. ئەمە لە کاتی گەیشتن بە یەکتر ئەگەر ڕۆژانە بە یەکتر بگەن ولە یەک شاردا بن، بەڵام هەروەکو لە فەرموودەی تردا هاتووە دروستە باوەشکردن ودەست لە ملکردنی برای مسوڵمان ئەگەر لە سەفەر گەڕابێتەوە، بەڵام ماچکردن هیچ بەڵگەیەکی لەسەر نەهاتووە وکارێکی باش نییە هەرچەندە زۆریش باوە لە نێوان مسوڵماناندا وزیانی خراپیشی هەیە لە ڕووی تەندروستیەوە.