هەردوو فەرموودەکە بەڵگەن لەسەر حەرام بوونی ستەمکردن وهەموو جۆرەکانى ستەمکردن دەگرێتەوە، ولەوانە شیرک وهاوبەشدانان بۆ خواى گەورە، ولە هەردوو دەقەکەدا فەرموویەتی: (ستەمکردن تاریکاییە لە ڕۆژی قیامەتدا)، واتا تاریکایی زۆر ویەک لەسەر یەک بە شێوەیەک ئەو کەسەی ستەم دەکات لە ڕۆژی قیامەتدا هیچ ڕێگایەک نادۆزێتەوە کە سوودی پێبگەیەنێت بۆ دەرباز بوون. ولە فەرموودەی دووەمدا: (خۆتان بپارێزن لە ڕەزیلی چونکە بووە هۆی تیاچوونی ئەوانەى پێش ئێوە) کە ئەمیش ئاگادار کردنەوەی تێدایە لە ڕەزیلی چونکە ئەگەر ڕەزیلی بڵاو بوویەوە لە کۆمەڵگادا ئەمە نیشانەی تیاچوونیانە، چونکە هۆکارە بۆ ستەم ودەستدرێژی ودوژمنایەتی وخوێن ڕشتن.