ئەم فەرموودەیە ئەوە ڕووندەکاتەوە کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وهاوەڵان -ڕەزاى خوایان لێبێت-؛ لە سەرەتاى نوێژدا ﴿بسم الله الرحمن الرحيم﴾یان نەدەخوێند بە ئاشکرایی لە سەرەتاى سورەتی -الفاتحة- لە کاتی نوێژدا، ئەمیش جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەى کە لە سورەتی -الفاتحة- نییە، ولە گێڕانەوەیەکی تری (إبن خزیمة)دا: بە نهێنی دەیانخوێند. لیژنەى فەتوادان ( اللجنة الدائمة للإفتاء) دەڵێن: دروست ئەوەیە کە ﴿بسم الله الرحمن الرحيم﴾ بەشێک نییە لە سورەتی -الفاتحة- وسورەتەکانى تر، بەڵکو ئایەتێکی سەربەخۆیە لە قورئاندا، وبەشێکە لە ئایەتێک لە ئایەتەکانى سورەتی -النمل-، خواى گەورە دەفەرموێت: {إِنَّهُ مِنْ سُلَيْمَانَ وَإِنَّهُ بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ} [النمل:30] واتە: {کە بێگومان لە سولەیمانەوە (ھاتووە) بەڕاستی ئەو (نامە دەست پێدەکات): بەناوی خوای بەخشندەی میھرەبان}، وسونەتە لە پێش خوێندنی هەموو سورەتێک بخوێندرێت، جگە لە سورەتی -التوبة:البراءة- نەبێت، وسونەت ئەوەیە لە نوێژدا بە نهێنی بخوێندرێت لە پێش خوێندنی سورەتی -الفاتحة-.