قژ تاشین وکورتکردنەوەى لە دروشمەکانى حەج وعومرەن، وقژ تاشین باشترە لە کورتکردنەوەی، چونکە دەربڕینی ئەوپەڕی ملکەچی و خۆزەلیلکردنە بۆ خواى گەورە لەم پەرستنەدا، ئەمیش بریتیە لە دەرهێنانى مووی سەر لە بنەوە بۆ گوێڕایەڵیکردنی فەرمانی خواى گەورە، بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سێ جار نزاى ڕەحمەتی بۆ ئەوانە کردووە کە سەریان دەتاشن، وئەوانەى ئامادەن بوون ووتیان: ئەی پێغەمبەری خودا نزا بۆ ئەوانەش بکە کە قژیان کورت کردووەتەوە بەڵام نزای نەکرد بۆیان، لە سێیەم یان چوارە جاردا نزای بۆ ئەوانەیش کرد کە قژیان کورت کردووەتەوە، ئەمیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی تاشینی قژ بۆ پیاوان باشترە لە قژ کورتکردنەوە. ئەمە ئەگەر کەسەکە لە عومرەی (تەمەتوع) نەبێت، چونکە لەم کاتەدا باشتر وایە قژی کورت بکاتەوە؛ بۆئەوەى لە کاتی حەجکردندا قژی بتاشێت، چونکە ئەگەر لە عومرەی (تەمەتوع)دا قژی بتاشێت ئەوا ماوەکە زۆر کەمە بۆئەوەى قژی دیسانەوە دەربچێت بۆ تاشینی.