کاتێک خواى گەورە سەرکەوتنی بەخشی بە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەویش بە فەتح وڕزگارکردنی مەککە لە ساڵی هەشتی کۆچیدا، وماڵی پیرۆزی خودا پاککرایەوە لە بت و وێنەکان پەرستراوەکان، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- چووە نێو کەعبەی پیرۆزەوە، ودوو خزمەتکاری لەگەڵدا بوو؛ بیلال وئوسامە، ودەرگاوانى کەعبە عوسمانی کوڕی تەڵحە -ڕەزای خوایان لێبێت-، وچوونە ژوورەوە بۆ ناو کەعبە ودەرگاکەیان داخست بۆ ئەوەى قەرەباڵەغی دروست نەبێت کاتێک پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دێتە ژوورەوە چونکە دەیانەوێت ببینن چۆن پەرستن ئەنجامدەدات، وئەمیش دەبێتە هۆی ئەوەى سەرقاڵ بێت لە مەبەستەکەى لەم شوێنە پیرۆزەدا کە نزا دەکات ودەپاڕێتەوە وسوپاسی خودا دەکات لەسەر ئەم نیعمەتە؛ وکاتێک بۆ ماوەیەک مانەوە دەرگاکەیان کردەوە. چونکە عبداللەی کوڕی عومەر زۆر سوور بوو لەسەر شوێنکەوتنی سونەتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-؛ بۆیە یەکەم کەس بوو کە چووە ژوورەوە پاش ئەوەى دەرگاکە کرایەوە، وپرسیاری لە بیلال کرد: ئایا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لێرەدا نوێژی کرد؟ ئەویش (بیلال) ووتی: بەڵێ، لە نێوان دوو پایە یەمانیەکە، لە ناوەوەى کەعبە شەش پایە هەبوو، سێ پایە لە پشتەوەى بوو ودووانیان لە لای ڕاستی ودانەیەکیان لە لای چەپی، وسێ باڵ لە دیوارەکە دوور بوو ودوو ڕکات نوێژی ئەنجامدا، ولە هەر چوار گۆشەکەى ناو کەعبەدا نزای دەکرد.