ئەم فەرموودەیە باشترین کات بۆ ئەنجامدانى نوێژە فەرزەکان ڕووندەکاتەوە، نوێژی نیوەڕۆ: کاتێک خۆر لە نیوەى ئاسمان لادەدات واتا ماوەیەکی کەم لە پاش کاتی (الزوال) ئەمیش ئەو کاتەیە کە خۆر لە ناوەڕاستی ئاسماندا دەبێت، ئەمە یەکەم کاتی ئەنجامدانى نوێژی نیوەڕۆیە وئەگەر کەش وهەوا زۆر گەرم بوو لەسەر نوێژخوێنەکان ئەوا باشتر وایە نوێژەکە دوا بخرێت هەتاوەکو کەش وهەوا هەندێک فێنک دەبێتەوە؛ هەروەکو لە بەڵگەی تردا باسکراوە. نوێژی عەسر: لەو کاتەى خۆر سپی وڕوون دیارە وهیچ زەردی خۆرئاوابوونی تێکەڵ نەبووە، وباشترین ماوە بەوە ئەندازە دەکرێت: کە سێبەری هەموو شتێک هێندەى سێبەری خودی شتەکە بێت، پاش سێبەری ماوەى (الزوال). نوێژی مەغریب: لە پاش ئاوا بوونی خۆر ونەمانی بازنەکەى. نوێژی عیشا: پاش دیار نەمانى ئاسۆی سووری ئێوارەیە لە ئاسماندا، لێرەدا دەبێت حاڵەتی نوێژخوێنان ڕەچاو بکرێت، ئەگەر لە سەرەتاى ماوەی نوێژدا ئامادەبوون، ئەگەر نوێژخوێنان ئامادە نەبوون ئەوا دەکرێت دوا بخرێت بۆ نزیکی نیوەی یەکەمی شەو (لە کاتی دروست بوونی بانگدان بۆ نوێژی عیشا هەتاوەکو کاتی دروست بوونی بانگدان بۆ نوێژی بەیانی؛ ئەمە ماوەى شەوە لە شەریعەتدا و دەکرێت بە دوو نیوە، وزۆربەی زانایان لەسەر ئەوەن کە دەبێت لە پێش تەواوبوونی نیوەی یەکەم نوێژی عیشا ئەنجامبدرێت؛ ئەمیش بەهۆی زۆری بەڵگەکان لەسەر ئەم بابەتە )، چونکە ئەمە باشترین کاتە بۆ ئەنجامدانى ئەگەر نەبێتە هۆی ناڕەحەتی بۆ سەر خەڵکی. نوێژی بەیانی: پاش ئەوەى ڕۆشنایی بەیان تێکەڵ دەبێت لەگەڵ تاریکدا کە پێی دەووترێت کاتی (الفجر الصادق: بەیانی ڕاستگۆ) کە ئاسۆی بەیان بە ڕەنگێکی پرتەقاڵی ئاسۆیی زۆر بە ڕوونی جیادەکرێتە لە ڕەنگی شینی وڕەشی ئاسمان.