سەر زەوی هەمووی شوێنی ئەنجامدانى نوێژکردنە؛ جگە لە چەند شوێنێک نەبێت: لەوانەش گۆڕستان کە شوێنی لە گۆڕدانانى مردووەکانە وهەموو ئەو شوێنانە دەگرێتەوە لە نێو چوارچێوەى دیواری گۆڕستانەکەدان، وهەروەها گەرماو (حەمام) کە بە ئاوی گەرم یان هەر ئاوێکی تر خەڵکی خۆیان تێدا دەشۆن بۆ خۆ پاککردنەوە یان بۆ چارەسەر، وهەروەها سەرئاو (ئاودەستخانە) وزبڵدان وشوێنە پیسەکانى تر کە چڵک وپیسی تێدا کۆ دەبێتەوە وشتی بۆگەن وبێزراو وبۆن ناخۆشیان تێدایە. وئیمام نەوەوى -ڕەحمەتی خواى لێبێت- دەڵێت: (نوێژکردن لە شوێنەکانى شەیتان مەکروهە بە یەکدەنگی زانایان، وبەهەمان شێوە لە شوێنەکانى ئارەق خواردن وفرۆشتن وشوێنی بەدڕەوشتی ولەشفرۆشی -مەلهاکان- وئەو شوێنانەى مامەڵەى فێڵ وبەرتیلی تێدا دەدرێت، وکڵێساکان وکەنێسەکان-پەرستگاکانى جولەکە- وئاودەستخانەکان وبەو شێوەیە شوێنەکانى تریش). وئەگەر نوێژکردن لە کڵێسا وکەنێسەکان نەهی لێکراو بێت بێگومان لە شوێنەکانى تری بت پەرستیش حەرامە وەکو پەرستگاکانى بوزیەکان وهیندۆسەکان وجگە لە ئەوان.