ئەم فەرموودەیە باسی کاتەکانى نوێژ دەکات، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: 1- کاتی نوێژی نیوەڕۆ: وبە نوێژی نیوەڕۆ -صلاة الظهر- ناونراوە چونکە لە کاتی (الظهيرة) ئەنجامدەدرێت ولە زمانى عەرەبیدا سەرەتاى ئەو کاتەیە کە خۆر لە ماوەى (زەوال)؛ لە نیوەى ئاسمان لا دەدات وبەرەو ئاراستەى ڕۆژئاوا دەڕوات، وسێبەری شتەکان بەرەو ئاراستەى ڕۆژهەڵات دەبێت، ئەمیش هەتاوەکو ئەو کاتەیە سێبەری پیاوێک نزیکی سێبەری خۆیەتی ولە زمانى کوردیدا پێی دەووترێت: نیوەڕۆ چونکە لە نیوەى ڕۆژدایە. 2- کاتی نوێژی عەسر: کاتی ئەم نوێژە ئەو ماوەیە کاتێک سێبەری کەسێک ھێندەی باڵا وبەرزی خۆی بێت، وبەردەوام دەبێت بە بێ مەکروهیەت هەتاوەکو زەردایی خۆر دەرنەکەوتبێت، ئەمە ماوەى نوێژی عەسرە، بەڵام پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: (ومن أدرك ركعة من العصر قبل أن تغرب الشمس فقد أدرك العصر) واتە: (هەرکەسێک بگات بە ئەنجامدانى ڕکاتێک لە نوێژی عەسر پێش ئەوەى خۆر ئاوا بێت؛ ئەوا نوێژی عەسری ئەنجامداوە)، ولە گێڕانەوەیەکی تردا: (وقت العصر ما لم تغرب الشمس) واتە: (کاتی -نوێژی- عەسر هەتاوەکو -ئەو ماوەیە کە- خۆر ئاوا نەبێت)، لە گێڕانەوەیەکدا: (ما لم تصفر الشمس، وسقط قرنها الأول) [رواه مسلم] واتە: (ئەگەر خۆر زەرد نەبێت ویەکەم قۆچی -شاخی- دیار نەمێنێت). 3- کاتی نوێژی مەغریب: لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە خۆر ئاوا دەبێت هەتا ئەو کاتەی شەفەقی سوور ئاوا دەبێت، شەفەقی سوور بە شێوەیەکی ئاسۆیی لە ئاسماندا دەردەکەوێت لە پاش خۆرئاوا بوون، وئەمیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەى ماوەى نوێژی مەغریب هەتاوەکو ئەو کاتەیە کە شەفەقی سوور لە ئاسماندا نامێنێت، ئەگەر هەندێکی نەمێنێت ماناى ئەوە نییە کاتى نوێژی عیشا هاتووە، هەروەکو چۆن ئەنجامدانی نوێژی مەغریب ڕێگەپێدراو نابێت لە پاش دیار نەمانى بەشێک لە بازنەیی خۆر یان تەنها هەندێکی دیار بێت. 4- کاتى نوێژی عیشا: لە پاش دیار نەمانى شەفەقی سوورە لە ئاسماندا بە یەکدەنگی زانایان هەتاوەکو نیوەی شەو ئەمیش باشترین کاتە، بەڵام لە کاتى پێویستدا هەتاوەکو دەرکەوتنی بەیان درێژ دەبێتەوە. 5- کاتی نوێژی بەیانی: واتا بەیانی ڕاستگۆ -الفجر الصادق- هەتاوەکو ئەو کاتەیە کە خۆر هەڵدێت؛ ئەگەر بەشێکی بچووکیشی بێت، وئەگەر ئەو بەشە بچووکەش دەرکەوت، (ئەگەر خۆر هەڵهات ئەوا ئیتر نوێژ مەکەن): واتا واز لە نوێژ کردن بهێنن (چونکە خۆر لە نێو ھەردوو شاخی شەیتانەوە ھەڵدێت): واتا لە ئاراستەى هەردوو لایەکانى سەری؛ چونکە شەیتان چاوەڕێی کاتی خۆر دەرچوون دەکات ودەوەستێت بەرامبەر خۆر؛ بۆئەوەى سوجدەبردن وپەرستنی کافرەکان بۆ خۆر وەکو ئەوە وابێت پەرستنەکە بۆ ئەوە یان لەوانەیە ئەوانەیشی شەیتان دەپەرستن لە کاتی خۆر هەڵهاتن وخۆرئاوا بوون بەو ئاراستەدا سوجدەی بۆ ببەن، بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی کردووە لە ئومەتەکەی نوێژ بکەن لەو کاتانەدا؛ بۆئەوەى نوێژکردن بۆ خواى گەورە لەو کاتەدا نەبێت کە شەیتان وخۆری تێدا دەپەرسترێت.