عبداللەی کوڕی عەباس -ڕەزای خوایان لێبێت- باسی ئەوە دەکات کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەستا بۆ ئەوەی وتار بدات لە ڕۆژی فەتحی مەککە (ڕزگارکردنی مەککە)، وفەرمووی: «هیجرەت نیە»، واتا: لە مەککەوە بۆ شوێنێکی تر چونکە مەککە بووەتە وڵاتی ئیسلام، بەڵام جیهادکردن ماوە لە پێناو خوای گەورە، وفەرمانی کرد بە ئەو کەسانەی کە ئەگەر داوایان لێکرا بۆ دەرچوون بۆ جیهاد؛ ئەوا دەربچن وەکو گوێڕایەڵیەک بۆ خوای گەورە وگوێڕایەڵیەک بۆ پێغەمبەرەکەی وفەرمانڕەوا، پاشان باسی حورمەت وڕێزی مەککەی کرد، کە لەو کاتەوەی خوای گەورە ئاسمانەکان وزەوی دروستکردووە بۆ هیچ کەسێک حەڵاڵ نەکراوە کە جەنگی تێدا بەرپا بکات پێش پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وبۆ هیچ کەسێکیش لە دوای ئەو حەڵاڵ ناکرێت بەڵکو تەنها ماوەیەکی کەم حەڵاڵکرا وپاشان حەرامکرایەوە، پاشان باسی حورمەتی مەککەی کرد کە نابێت دڕکەکانی بشکێندرێت وئەو ئاژەڵانەی کە ڕاو دەکرێن نابێت لە شوێنی خۆیان بترسێندرێن وهیچ دارێکی (بچووک وگەورە) نابێت ببڕدرێت جگە لە ئیزخیر نەبێت ئەمیش بۆ بەرژەوەندی خەڵکی مەککە لەوانەش هەندێک لە ئاسنگەرەکان بەکاریدەهێنن بۆ هەڵکردنی ئاگر لە کارەکانیاندا.