ئەبی هورەیرە -ڕەزای خوای لێبێت- دەیگڕێتەوە کە گوێی لە پێغەمبەر بووە -صلى اللە علیە وسلم- کە باسی ماوەى نێوان فووی یەکەم (بە کەڕەنادا) کە دەبێتە هۆی ئەوەى هەموو خەڵکی بمرن و فووی دووەم (بە کەڕەنادا) کە دەبێتە هۆی ئەوەى هەموو خەڵکی زیندوو بنەوە چل هەیە، ئەبو هوریرە -ڕەزای خوای لێبێت- پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ماوەى ئەو چلە نێوان ئەو دوو فووکردنە؟ ئایا مەبەستی چل ڕۆژ یان مانگ یان ساڵە؟، بەڵام ئەو نەیتوانی وەڵام بداتەوە چونکە دڵنیا نەبوو وهیچ شتێکی لە پێغەمبەرەوە نەبیست -صلى اللە علیە وسلم- لەو بارەیەوە، وپاشان -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوەى کرد کە هەموو شوێنێکی مرۆڤ لەناودەچێت (دەڕزێت) جگە لە ئێسکی کلێنچکە (عجب الذنب) نەبێت، لەم بەشەوە (خودا) هەموو لاشەکە دروستدەکاتەوە، پاشان خودا لە ئاسمانەوە ئاوێکی زۆر (بارانێکی زۆر) دەبارێنێت وەکو مەنی پیاو وایە؛ (بوونەوەرەکان) دەڕوێن هەروەکو چۆن (ڕووەکێکی سەوز) دەڕوێت، وپاشان خەڵکی دەوەستن بۆ لێپرسینەوە لە پێش پەروەردگاری هەموو بوونەوەرەکان -سبحانه وتعالى-.