لە ڕۆژی قیامەتدا خواى گەورە (پردی سیرات) لەسەر دۆزەخ دادەنێت، و لەسەر ئەم پردە دڕکی ڕەق هەیە، وپاشان فەرمان بە خەڵکی دەکرێت بۆ تێپەڕبوون بەسەریدا، وتێیاندایە بە ئەوپەڕی سەلامەتی ڕزگاری دەبێت وناچێتە دۆزەخەوە، وهەیانە تووشی ئازار وبرین دەبێت بەڵام هەر ڕزگاری دەبێت وناچێتە دۆزەخەوە، وهەیانە دەکەوێتە ناو دۆزەخەوە. ئەگەر خواى گەورە تەواو بوو لە لێپرسینەوە لە بەندەکانی وئەهلی بەهەشت چوونە بەهەشت وئەهلی دۆزەخ چوونە دۆزەخەوە، ئیماندارانی ئەهلی بەهەشت کەسانێک نادۆزنەوە کە لە دونیادا لەگەڵ ئەوا نوێژیان دەکرد وڕۆژوویان دەگرت وحەج وجیهادیان دەکرد، بە خواى گەورە دەڵێن: ئێمە ئەو خەڵکانە نابینین ئەگەرچیش لە دونیادا لەگەڵ ئێمە نوێژیان دەکرد وڕۆژوویان دەگرت وحەج وجیهادیان دەکرد، خواى گەورە پێیان دەفەرموێت: بچن بۆ دۆزەخ، ئەگەر کەسێک لەوانەتان دۆزیەوە دەریبهێنن. بۆیە دەبینن بە گوێرەی کردەوەکانیان ئاگر تووشیان بووە، هەیانە ئاگر هەتا پێیەکانى هاتووە، وهەیانە ئاگر هەتا نیوەى ساقی* هاتووە، وهەیانە ئاگر هەتا ئەژنۆکانى هاتووە، وهەیانە ئاگر هەتا کەمەری هاتووە، وهەیانە ئاگر هەتا لای سینگی هاتووە، وهەیانە ئاگر هەتا لای ملی هاتووە، بەڵام ئاگر تووشی دەموچاویان نەبووە، بۆیە تکا شەفاعەتیان بۆ دەکەن، ولە دۆزەخ دەردەکرێن ودەخرێنە نێو (ئاوی ژیانەوە - ماء الحیاة)، ئاوێکە هەرکەسێک بخرێنە ناویەوە زیندوو وگەش دەبێتەوە، بۆیە دەڕوێن وگەش وسەلامەت دەبنەوە هەروەکو چۆن ڕووەکێک دەڕوێت بەهۆی بارانەوە. پاشان پێغەمبەران -علیهم الصلاة والسلام- شەفاعەت دەکەن بۆ هەرکەسیک وتبێتی (ﻻ إله إﻻ الله) بە دڵسۆزی وئیخلاصەوە لە دڵیەوە؛ ولە دۆزەخ دەریاندەهێنن، پاشان خواى گەورە بەزەیی وڕەحمی بە بەندەکانى دێتەوە بۆیە هەرکەسێک بە هێندەی کێشی گەردیلەیەک ئیمان لە دڵیدا هەبێت لە دۆزەخ دەریدەهێنێت. *(ساق: نیوەی خوارەوەى قاچەکانە، ئەو پارچە ئێسکە درێژەیە کە ئەژنۆکان بە پێیەکان وگوێزنگەکانەوە دەبەستێت، وهەروەها لە زمانی کوردیدا -لاق- یشی پێ دەووترێت)