ئەم فەرموودە مەزنە گەلێک بابەتی گرنگ وهەواڵی ڕاستی تێدایە کە ڕاستگۆترین مرۆڤ دەیگڕێتەوە -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوە دەکات کە خواى گەورە زەوی هێنایە پێش چاوی وبینی موڵک ودەسەڵاتی ئومەتەکەى دەگاتە ئەوپەڕی ڕۆژهەڵات وڕۆژئاوای سەر زەوی، وئەمیش ڕاستیەکی مێژووییە چونکە موڵک ودەسەڵاتی مسوڵمانان گەیشتە ئەوپەڕی ڕۆژئاوا وڕۆژهەڵاتی زەوی لە پاش چەند سەدەیەکی کەم، وهەواڵی ئەوەى دا کە دوو گەنجینەی پێدەبەخشرێت وئەمیش ڕوویدا، موڵکی کیسرا وقەیسەر بەو هەموو ئەو گەنجینەى هەیانە لە ئاڵتون وزیو کەوتە دەست ئومەتەکەى، وباسی ئەوەى کرد کە داواى لە پەروەردگاری کرد کە ئومەتەکەى بە شێوەیەکی گشتی تیا نەچن بەهۆی وشکەساڵیەوە وهیچ دوژمنێک لە کافرەکان زاڵ نەکاتە سەریان کە دەست بە سەر وڵاتەکەیاندا بگرێت ولە بنچینەوە هەموویان لە ناو ببات، وخواى گەورە داواى یەکەمی پێی بەخشی، وداواى دووەمی پێی بەخشی ئەگەر ئومەت خۆی دوور بگرێت لە ناکۆکی ودووبەرەکی لە نێوان خۆیاندا؛ ئەگەر ناکۆکی ڕوویدا لە نێوانیان ئەوا خواى گەورە دوژمنی دەرەکی زاڵ دەکاتە سەریان، وئەمیش ڕوویدا بەو شێوەیەی کە باسیکرد وئومەت ناکۆک وپارچە پارچە بوون. پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ترسا لەسەر ئومەتەکەى لە دەسەڵاتدار وزانای گومڕا وگومڕاکەر: چونکە خەڵکی شوێنیان دەکەون. وهەروەها هەواڵی ئەوەى دا ئەگەر ناکۆکی وفیتنە وکوشتار کەوتە نێوان ئومەتەوە ئەوا هەتاوەکو ڕۆژی قیامەت بەردەوام دەبێت؛ وئەمیش ڕوویدا بەو شێوەیەی ئەو باسیکرد، لە کاتی فیتنەى سەردەمی ئیمامی عوسمانەوە -ڕەزاى خواى لێبێت- کە تێیدا کوژرا هەتاوەکو ئەمڕۆ فیتنە وناکۆکی بەردەوامە، وباسی ئەوەى کرد هەندێک کۆمەڵ لە ئومەتەکەى شوێنی بێباوەڕان وموشریکەکان دەکەون لە دینەکەیان و لەگەڵ ئەواندا نیشتەجێ دەبن لە خاکەکانیان؛ وئەمیش ڕوویدا بەو شێوەیەی کە باسیکرد، و گۆڕ وبەرد ودار پەرستران، وباسی ئەوەى کرد کە چەند کەسێک دەردەکەوێت کە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەکەن بەڵام هەموویان درۆزنن چونکە پێغەمبەرایەتی بە ناردنی ئەو تەواو بوو -صلى اللە علیە وسلم-، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- موژدەی ئەوەی دا کە کۆمەڵێک لە ئومەتەکەى لەسەر ئاینی ئیسلام دەمێننەوە سەرەڕای ئەم فیتنە وکارەسات وناڕەحەت وتاقیکردنەوانەش، وئەم کۆمەڵەیە کەس ناتوانێت هیچ زیانێکیان پێبگەیەنێت سەرەڕای پیلانی دوژمنان وبەرهەڵستکاران.