لەم فەرموودەیەدا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وەسفێکی جوان ولێکچواندنێکی نایاب باسدەکات، وشێوازى مامەڵە وبەرپرسیارێتی مسوڵمان ڕووندەکاتەوە بەرامبەر برای مسوڵمانی؛ ڕێنموێنی دەکات بۆ کردەوە جوانەکان بۆئەوەى ئەنجامی بدات وئاگاداری دەکاتەوە لە کردەوە خراپەکان بۆئەوەى لێی دوور بکەوێتەوە، واتا لێرەدا ئیماندار بۆ برای ئیمانداری وەکو ئاوێنەیەکی پرشنگدار وایە کە لێیەوە هەقیقەتی نەفسی خۆی دەبینێت، وئەمیش واجب بوونی ئامۆژگاری بۆ ئیماندار ڕووندەکاتەوە، ئەگەر هەندێک عەیب وهەڵەی برای ئیمانداری بینی پێویستە ئاگاداری بکاتەوە وڕێنموێنی بکات بۆئەوەى چاکی بکاتەوە، بەڵام لە نێوان هەردوویان نەوەک لە پێش خەڵکیدا مەگەر زۆر پێویست بکات، چونکە ئامۆژگاری کردن لە پێش خەڵکیدا ئابڕوو بردنە.