لە سونەتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەوە بوو ئەگەر بەیانی وئێوارەی بەسەدا بهاتایە ئەم نزا پیرۆزانەى دەخوێند: شیکردنەوەى واتای نزاکە: (أمسينا وأمسى الملك لله : ئێوارەمان بەسەردا هات، وئێوارە هات هەموو موڵکێک هەر بۆ خواى گەورەیە): واتا چووینە کاتی ئێوارەوە وبەردەوام هەموو موڵکێک هەر بۆ خواى گەورەیە وئەو خاوەنیەتی وتایبەتە بە ئەو زاتە مەزنە. (والحمد لله: وحەمد وسوپاس بۆ خودا) واتا هەموو حەمد وسوپاسێک تەنها بۆ خودا، حەمد وسوپاس بۆ ئەو خودایەی کە ئێوارەمان بەسەردا هات وزانیمان هەموو موڵکێک بۆ خودایە وحەمد وسوپاس تەنها بۆ ئەو نەک بۆ هیچ کەسێکی تر. (ﻻ إله إﻻ الله وحده لا شریک له: وهیچ پەرستراوێک هەق وڕاست نییە کە شایەنی پەرستن بێت جگە لە الله، خودا تاکە وهیچ شەریک وهاوبەشێکی نییە): واتا (الله) تاکە لە خودایەتی -ئولوهیەت- وپەرستنیدا؛ هەروەکو چۆن لە موڵک وپەروەردگارێتیدا هیچ شەریک وهاوبەشێکی نییە بەهەمان شێوە لە خودایەتیدا -لە پەرستنیدا- هیچ شەریک وهاوبەشێکی نییە. (ربِّ أسألك خير ما في هذه الليلة: ، خودایە داوای هەموو خێرێکت لێدەکەم کە لە ئەم شەوەدا ڕوودەدات): واتا مەبەستم ئەو خێرانەیە کە لەوەیە لە ئەم شەوەدا ڕووبدات. (وخير ما بعدها: ئەو خێرەش لە پاش ئەم شەوە دێت): وئەو خێرانەش کە لەوەیە ڕووبدات وجێگیر بێت لە پاش ئەم شەوە. ( وأعوذ بك من شر ما في هذه الليلة وشر ما بعدها : وخودایە پەنات پێدەگرم لە هەموو شەڕ وزیانێک کە لە ئەم شەوە ڕوودەدات، ولە ئەو شەڕ وزیانەش لە پاش ئەم شەوە دێت): واتا لەو شەڕ وزیانانەى کە لەوەیە لە ئەم شەوە تووشم ببێت کە زیان بە ئاینداری ودونیام بگەیەنێت. (رب أعوذ بك من الكسل : وخودایە پەنات پێدەگرم لە تەمەڵی -لاوازى-): واتا لە قورسی لاشە بۆ ئەنجامدانى پەرستنەکان ئەگەرچیش لاشەم توانای هەبێت، ئەمیش بەهۆی ئەوەیە کە نەفسی هان نەداوە بۆ ئەنجامدانى خێر وچاکە ئەگەرچیش لە ڕووی لاشەوە توانای هەیە. (وسُوءِ الكِبَرِ : ولە شەڕ وزیانی بەتەمەن بوون -پیربوون-): واتا لە شەڕ وزیانی کاتی بەتەمەن بوون وپیر بوون وخڕف بوون کە لەم تەمەندا مرۆڤ زۆرجار تووشی خڕف بوون ولە بیرچوونەوە دەبێت وهەروەها لاشەی لاواز دەبێت؛ کە لێرەدا تەمەن ڕێگا نادات بەوەى ئامانجی ژیان جێبەجێ بکەیت کە بریتیە لە فێربوونی زانستی شەرعی وکردەوەی چاکە بەهۆی لاوازی ئەقڵ وتوانا، ومرۆڤ کەمتەرخەم دەبێـت لە ئەنجامدانى پەرستنەکان وکردەوە چاکەکان بەهۆی خراپ بوونی حاڵ وتەندروستیەوە، هەروەها وشەی (الكِبْر) بەم شێوەیەش هاتووە لە هەندێک گێڕانەوەدا کە پیتی (ب) -سکون- لەسەریەتی بە ماناى فیز زلی ولەخۆ دەرچوون دێت کاتێک بەهۆی زۆری نیعمەتەوە مرۆڤ تووشی شانازی وخۆبەگەورەزانین دەبێت بەسەر خەڵکیدا، ( رب أعوذ بك من عذاب في النار، وعذاب في القبر : وخودایە پەنات پێدەگرم لە سزای دۆزەخ ولە سزای ناو گۆڕ): ولە ئەو شتانەش کە دەبنە هۆی تووشبوون بە سزای دۆزەخ وسزای گۆڕ، وهەروەها ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر بوونی سزای ناو گۆڕ؛ چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بە ئاشکرای دەستەواژەکە باسدەکات -عذاب القبر:سزای ناو گۆڕ -.(إذا أصبح : ئەگەر بەیانی بەسەردا بهاتایە): واتا ئەگەر بەیانی بەسەر پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بهاتایە. (قال ذلك أیضا : هەمان شتی دەفەرموو): واتا ئەوەى لە ئێوارەدا دەیخوێند لە بەیانیدا هەمان شتی دەخوێند، بەڵام لە جیاتی (أمسینا وأمسى الملک لله) دەیفەرموو (أصبحنا وأصبح الملك لله) لە جێگای شەو ڕۆژی دادەنا لە خوێندەوەکەیدا، وپاشان تەواوى نزاکەى وەکو ئەوەى ئێوارە دەخوێند.