ئەم فەرموودەیە جۆرێک لە جۆرەکانى بە مەزندانانى کۆڕەکانى دانیشتن بۆ زیکردن ویادی خواى گەورە دەگێڕێتەوە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: (خوای گەورە چەند فریشتەیەکی تایبەتى هەیە کە کاریان ئەوەیە بە ڕێگاوباندا دەسووڕێنەوە وبە شوێن ئەھلى زیکردا* دەگەڕێن): واتا خواى گەورە کۆمەڵەیەک لە فریشتەی تایبەتکردووە جگە لەوانەى کە مرۆڤەکان دەپارێزن وکردەوەکان دەنووسن؛ ئەمانە کۆمەڵێکن دەگەڕێن بە سەر زەویدا، بە ناو ڕێگا ومزگەوت وماڵی مسوڵماناندا بە دواى کۆڕ ودانیشتنی زیکر ویادکردنی خواى گەورە دەگەڕێن، سەردانیان دەکەن وئامادە دەبن وگوێ لەوانە دەگرن کە باسی زیکر ویادی خواى گەورە دەکەن، وا ديارە ئەمە زیاتر مەبەست لێی ئەو کۆبوونەوانەیە کە یادی خودای تێدا دەکرێت بە حەمد وسوپاسکردن وتەسبیحات وتەهلیلات وتەکبیرات وخوێندنەوەى قورئان بەڵام نەک هەمووی بە یەک دەنگ وەکو هاوشێوەى چەند گروپێک لە سۆفیەکان، بەڵکو هەر یەک لە لای خۆیەوە لە دانیشتنەکەدا زیکر ویادی خودا دەکات لەو دانیشتنەی کە باسی خودا وئاینی ئیسلام دەکرێت. (جا ھەركاتێک ببینن کە كۆمەڵێک یادى خودا دەکەن وكۆڕى زیكریان دابەستووە، بانگی یەكتر دەکەن وبەیەكتر دەڵێن: وەرن بۆ لای کارى خۆتانەوە، ئەمە ئەوەیە كە بۆی دەگەڕێن): واتا فریشتەکان بانگی یەکتر دەکەن ودەڵێن: وەرن بۆ لای ئەو شتەى بە دوایدا دەگەڕان بۆیە بچن بەرەو لای ئەو خەڵکی یادی خودا دەکەن وگوێیان لێبگرن. پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە وەسفی ئەو فریشتانەى کە لە کۆڕ ودانیشتنەکانى زیکرکردن ئامادە دەبن دەفەرموێت: (ھەموویان بە دەوری کۆڕی زیکرەکە کۆ دەبنەوە): واتا دەوریان دەدەن هەروەکو چۆن بازنگ دەوری دەست دەدات. (وهەتا ئاسمانى خوار وبە باڵ دەخولێنەوە بە دەورياندا): واتا بە دەوریاندا کۆدەبنەوە وبەرزدەبنەوە هەتا دەگەنە ئاسمان. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی گفتوگۆی نێوان خواى گەورەی شکۆدار وفریشتە بەڕێزەکان دەکات: (ئینجا پەروەردگاريان لێیان دەپرسێت -ھەرچەندە خۆی باشتر حاڵەكە دەزانێت-): هەرچەندە خودا لەوان زاناترە سەبارەت بە حاڵی ئەو کەسانەى زیکر دەکەن، ئەمیش بۆ ئەوەیە وەسف وشانازیان پێوە بکات لە لای فریشتەکان. (ودەرفەرموێت: ئەم بەندانەی من چی دەڵێن؟ فریشتەکان دەفەرموون: (سبحان اللە) دەکەن وتۆ بە پاك وپيرۆز وبێخەوش دەزانن، و(اللە أكبر) دەكەن وخودای خۆیان بە گەورەتر لە هەموو کەس وشتێک دادەنێن، و(الحمد لله) دەکەن وسوپاسى تۆ دەکەن وتۆ بە مەزن دادەنێن و وەسف وستایشی تۆ دەکەن): واتا دەڵێن/ سبحان الله والحمد لله وﻻ إله إﻻ الله والله أکبر، وبە مەزندانان واتا دەڵێن/ ﻻ إله إﻻ الله وئەمیش بە مەزندانانى خواى گەورەیە لە تەوحیدی پەرستندا (توحید الألوهیة). (خودا دەفەرموێت: ئايا ئەمانە منيان بینیووە؟ فریشتەکان دەفەرموون: نا والله تۆیان نەبینیووە، ئینجا خودا دەفەرموێت: ئەی ئەگەر من ببینن چۆن؟ فریشتەکان دەفەرموون: ئەگەر بتبینن باشتر بەندایەتی دەکەن وباشتر سوپاس وحەمد ستایشت دەکەن وزیاتر باسى گەورەییت دەكەن وزیاتر تەسبيحاتت دەکەن): چونکە هەوڵ وکۆشش لە پەرستندا بە پێی زانست وعیلمە. (خودا دەفەرموێت: ئەی باشە داوای چی لە من دەكەن؟ فریشتەکان دەفەرموون: داوای بەهەشت لە تۆ دەكەن): واتا یادی تۆ دەکەن وتۆ دەپەرستن بە هیوای ئەوەى بیانکەیتە بەهەشتەوە. (خودا دەفەرموێت: ئایا بەهەشتیان بینیووە؟ فریشتەکان دەفەرموون: نە والله، ئەی خودایە! نەیان بینیووە. خودا فەرموێت: ئەی ئەگەر بیبینن چۆن؟ فریشتەکان دەفەرموون: ئەگەر بیبینن ئەوا باشتر سوور دەبن لەسەرى وباشتر هەوڵی بۆ دەدەن وزیاتر حەزى لێدەكەن): واتا زیاتر هەوڵ بۆ چوونە بەهەشت دەدەن وکردەوەى چاک زۆرتر ئەنجامدەدەن چونکە بیستن سەبارەت بە شتێک وەکو بینینی نییە. (خودا دەفەرموێت: ئەی لە چى دەترسن وداوای پەناگرتن وخۆپاراستن لێ دەکەن؟) واتا داوا لە خودا دەکەن لە چی شتێک بیانپارێزێت کە لێی دەترسن. (فریشتەکان دەفەرموون: لە ئاگر (دۆزەخ) دەترسن وپەنا بە خودا دەگرن لێى): واتا یادی خودا دەکەن ودەیپەرستن لە ترسی چوونە دۆزەخ، ولە خودا دەپاڕێنەوە وداواى لێدەکەن بۆ ئەوەى بیانپارێزێت لە چوونە دۆزەخ. (خودا دەفەرموێت: ئایا ئاگریان -دۆزەخیان- بینیووە؟ فریشتەکان دەفەرموون: نە والله، نەیان بینیووە، خودا دەفەرموێت: ئەی ئەگەر بیبینن چۆن؟ فریشتەکان دەفەرموون: ئەگەر بیبینن زیاتر لێی ڕادەکەن -خۆیانی لێ دەرباز دەکەن- وزیاتر لێی دەترسن): واتا زیاتر کۆشش دەکەن بۆ ئەنجامدانى کردەوەى چاک کە هۆکارن بۆ ڕزگاربوون لە دۆزەخ. (خودا دەفەرموێت: دەی ئێوە شاهێد بن؛ ئەوا من لێیان خۆش بووم): واتا لە تاوانەکانیان خۆش بووم. (ئینجا فریشتەیەک لە فریشتەکان دەفەرموێت: كەسێکیان لەنێودایە لە ئەوان نییە، بۆ زیکر ویادی خودا نەھاتبوو بەڵکو بۆ پێویستیەکی خۆی هاتبوو؟): واتا لە نێو ئەم کۆمەڵەی کە یادی خودا دەکەن کەسێکیان لەنێودایە لە ئەوان نییە بەڵام بۆ جێبەجێکردنی پێویستیەکی خۆی هاتووە ودانیشتووە لەگەڵیان، ئایا خواى گەورە لە ئەویش خۆش دەبێت؟. (خودا دەفەرموێت: كۆمەڵ وكۆڕى ئاوا، هاونیشینیان لەبەر خاترى ئەوان لە بەدبەختى ڕزگارى دەبێت وبەهۆى ئەوانەوە ئەویش خۆش بەخت دەبێت). *(مەبەست ئەهلی زیکر ئەوانەیە کە باسی خواى گەورە دەکەن یان باسی ئیسلام وخێر وچاکە دەکەن).