لەم فەرموودەیەدا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەوە ڕووندەکاتەوە کە هەندێک کەس گەورەترین خەم وئامانجی سەرەتا وکۆتایان تەنها ئەم دونیایە، وئەوەى حاڵی بەم شێوەیە بێت ئەوا سەرەنجامی تیاچوون ودۆڕان دەبێت، ونیشانەى ئەم کۆمەڵە مرۆڤانە ئەوەیە کە زۆر سوور وپێداگیرن لەسەر ژیانی دونیا، ئەگەر شتێکی پێ ببەخشرێت ڕازییە وئاسودەیە وئەگەر شتێکی پێ نەبەخشرێت ناڕازیە وتوڕەیە. وهەندێک خەڵکیش هەیە ئامانجی ڕازی کردنی خواى گەورە وچوونە بەهەشتە، بۆیە داواى هیچ پلەوپایە وناوبانگێک ناکات، بەڵکو ئامانجی لە کردەوەکانى گوێڕایەڵی خواى گەورە وپێغەمبەرە -صلى اللە علیە وسلم-، ونیشانەى ئەم کەسانە زۆر گرنگی نەدان بە ڕووکەش، وڕازی بوون لەو گوزەرانەی تێیدا دەژی، لای زۆربەی خەڵکی گرنگی پێنادرێت ونەناسراوە، دوورە لەو کەسانەى خاوەن پۆست وپلەوپایەن، ئەگەر داواى ئیزن وڕوخسەتێک بکات ڕوخسەتی پێنادرێت، ئەگەر ناوەندیاریەک (شەفاعەتێک) بکات بۆی ئەنجام نادرێت، بەڵام سەرەنجامی چوونە بەهەشتە وئەمەیە باشترین پاداشت وگەورەترین ئامانج.