واتای فەرموودەکە: ئەبو زەر -ڕەزاى خواى لێبێت- باسی ئەوە دەکات کە لە گەڵ پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- ڕێی دەکرد لە ناوچەیەکی شاری مەدینە، وشاخی ئوحود هاتە پێشیان وپێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- فەرمووی: پێم خۆش نیە، وئاسوودە نابم، کە بە ئەندازەی شاخی ئوحود ئاڵتونم هەبێت وسێ رۆژم تێپەڕ بێت وهیچی لام مابێت، تەنانەت یەک دیناریش، مەگەر ئەوەندە نەبێت بۆ دانەوەى قەرزەکان، ئەگەر بە ئەندازەى شاخی ئوحود ئاڵتونم هەبوایە ئەوا لە پێناو خواى گەورە دەمبەخشی، وهیچیم لای خۆم نەدەهێشتەوە مەگەر ئەوەندە نەبێت بۆ جێبەجێکردنی مافەکان، ودانەوەى قەرزەکان، وئەوەى زیاد بێت لەمانە ئەوا پێم خۆش نیە کە سێ ڕۆژ تێپەڕ بێت وهیچی لام مابێتەوە. وئەمەش بەڵگەیە لە سەر ئەوەى کە پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- زاهیدترین مرۆڤ بووە لە دونیادا؛ چونکە نایەوێت هیچ پارەیەک کۆ بکاتەوە مەگەر ئەوەندە نەبێت کە قەرزەکانى پێ دەداتەوە، وپێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- کۆچی دوایی کرد وقەڵغانەکەی وەکو قەرز لای جولەکەیەک بوو بەرامبەر هەندێک جۆ بۆ دروستکردنی خواردن بۆ خێزانەکەى. ئەگەر دونیا خۆشەویست بوایە لای خواى گەورە ئەوا هەندێک شتی قەدەغە نەدەکرد لەسەر پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم-، دونیا نەفرەتلێکراوە وئەوەى تێیدایە نەفرەتلێکراوە مەگەر ئەو شتانە نەبێت کە پەیوەندیان بە یادی خواى گەورە هەیە یان کەسێک زانا وفێرکار بێت یان قوتابی بێت وبیەوێت فێر بێت، وئەو شتانەش کە یارمەتیدەرن بۆ پەرستنی خواى گەورە. (ئەوانەی پارە زۆر کۆ دەکەنەوە لە دونیادا؛ بە کردەوەى چاکی کەم دێن لە قیامەت)، واتا: ئەوانەى پارە وموڵکی دونیا زۆر کۆدەکەنەوە ئەوا کردەوەى چاکی کەمیان هەیە لە ڕۆژی قیامەتدا؛ وئەمیش بۆ زۆرینەیە لە خەڵکی لە دونیادا کە دەوڵەمەند بێت تووشی خۆبەگەورەزانین وپشتکردن دەبێت لە پەرستنی خودا؛ چونکە دونیا هەڵیدەخەڵەتێنێت، بۆیە ئەمەش وا دەکات کە زۆر کۆ بکاتەوە لە دونیا وکەم کردەوە بکات بۆ قیامەت. (مەگەر کەسێک نەبێت کە پارەکەی بە ئەملا وئەولادا ببەخشێت)، واتا: مەگەر کەسێک نەبێت کە پارە وموڵکەکەى لە پێناو خواى گەورە ببەخشێت، وپاشان فەرمووی: (وئەوانەیش کەمن)، واتا ئەوانەى لە پێناو خواى گەورە دەبەخشن کەمن. پاشان فەرمووی: (ئەوەی لە ئومەتەکەت بمرێت وهاوبەشی بۆ خوای گەورە بڕیار نەدا بێت ئەوا دەچێتە بەهەشتەوە)، ئەمەش ماناى ئەوە نیە کە زینا کردن ودزی کردن کارێکی ئاسان وکەمە، بەڵکو تاوانی گەورە وقورسن، بۆیە ئەبو زەر ئەم قسەی بە مەزن دانا، و ووتی: ئەگەر زینا بکات ودزیش بکات؟ -صلى الله علیه وسلم- فەرمووی: (ئەگەر زینا ودزیشی کردبێت (واتە: بەڵێ، ئەگەر زینا ودزیشی کردبێت)). ئەوەی بە ئیمانداری بمرێت وتاوانی گەورەی ئەنجامدا بێت، خواى گەورە دەفەرموێت: {إِنَّ ٱللَّهَ لَا يَغۡفِرُ أَن يُشۡرَكَ بِهِۦ وَيَغۡفِرُ مَا دُونَ ذَٰلِكَ لِمَن يَشَآءُۚ}[النساء: 86]، واته: {بەڕاستی خودا لە کەسێک خۆش نابێت ئەگەر لەسەر هاوبەشدانان بۆ خواى گەورە (بە موشریکی) مردبێت، بێجگە لەوە خۆش دەبێت لە ھەر گوناھێکی تر بۆ ھەر کەسێک کە بیەوێت}، لەوەیە خواى گەورە لێی خۆش بێت وسزای نەدات ولەوەیە سزای بدات، بەڵام لە پاش سزاکە دەچێتە بەهەشتەوە؛ چونکە هەرکەسێک بمرێت وبە کافری وبە موشریکی نەمردبێت؛ ئەوا سەرەنجامى هەر بۆ بەهەشتە، بەڵام ئەوەى بە کافری یان بە موشریکی مردبێت ئەوا ئەم کەسە بۆ هەتاهەتایی لە دۆزەخ دەمێنێتەوە وکردەوەکانی پوچەڵ دەبێتەوە، چونکە مونافیقەکان بە پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- یان دەووت: { نَشۡهَدُ إِنَّكَ لَرَسُولُ ٱللَّهِۗ}[المنافقین: 1]، واته: {شاهێدی دەدەین کە بەڕاستی تۆ پێغەمبەری خودایت}، ویادی خودایان دەکرد بەڵام بە کەمی، ونوێژیان دەکرد بەڵام بە تەمەڵیەوە: {وَإِذَا قَامُوٓاْ إِلَى ٱلصَّلَوٰةِ قَامُواْ كُسَالَى}[النساء: 142]، واته: {ھەر کاتێکیش ھەستن بۆ نوێژ بە تەمەڵی وسستی ھەڵدەستن}، لە گەڵ ئەمەشدا ئەوان لە بەشی خوارەوەى دۆزەخن. بۆیە ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە بۆ زوهد لە دونیادا، ونابێت مرۆڤ پەیوەست بێت بە دونیا وخۆشیەکانى، وپێویستە دونیا لە ناو دەستی دا بێت نەک لە ناو دڵی، بۆ ئەوەى بە دڵەوە بگەڕێتەوە بۆ لای پەروەردگاری، وئەمیش ئەوپەڕی زوهدە، وئەمیش واتاى ئەوە نیە کە بە تەواوى واز لە دونیا بهێنێت بەڵکو ئەوەى حەڵاڵە ئەنجامی بدە، وبەشی خۆت لە بیر مەکە، وزیادەڕەوی وئیسراف مەکە ودونیا با لە ناو دەستت بێت نەک دڵت، ئەمە گرنگترین شتە. [بە کافری: واتە: لە سەر وتنی یان کردنی کوفرێکی گەورە مردبێت وتەوبەی لێ نەکردبێت پێش مردنی، وبە موشریکی: مەبەست ئەوەیە لە سەر وتنی یان کردنی شیرکێکی گەورە مردبێت وتەوبەی لێ نەکردبێت پێش مردنی].