ئەیوبی سەختیانی دەڵێت: ئەبو قیلابەی جەرمی پێمی ووت: ئایا دەتوانیت بگەیت بە عەمرو کوڕی سەلەمە وپرسیاری لێبکەیت سەبارەت بە ئەو فەرموودانەى دەیزانێت، ئەیوب دەڵێت: گەیشتم بە عەمرو کوڕی سەلەمە وپرسیارم لێیکرد، ئەبو سەلەمە ووتی: لە شوێنێک بووین کە تێیدا دادەنیشتین ودەماینەوە، وشوێنی تێپەڕبوونی خەڵکی بوو، وسواریەکان بە لاماندا تێپەڕ دەبوون وئێمەش پرسیارمان لێیان دەکرد سەبارەت بە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وحاڵی عەرەب لەگەڵ ئەودا، ئەوانیش دەیانووت: بانگەشەی ئەوە دەکات کە خواى گەورە ئەوی ناردووە و وەحی -سروشی- بۆ دەنێرێت بەم شێوەیە (لە قورئان) لەوەى بیستوویانە، بۆیە منیش بە باشی قورئانم لەبەر دەکرد وەکو ئەوە وابێت جێگیر بێت وبنووسێت بە دڵمەوە، وعەرەب (هۆزە دەشتەکیەکان) چاوەڕێیان دەکرد ومسوڵمان نەدەبوون هەتاوەکو مەککە فەتح وڕزگار دەکرێت، دەیانووت: واز لە ئەو وخەڵکەکەى -قورەیش- بهێنن، ئەگەر سەربکەوێت بەسەریاندا ئەوا پێغەمبەرێکی ڕاستگۆیە، کاتێک مەککە فەتح کرا، هەموو هۆزەکان پەلەیان کرد لە مسوڵمان بوون وهاتنە نێو ئاینی ئیسلامەوە، وباوکم یەکەم کەس بوو لە نێو هۆزەکەیدا مسوڵمان بێت وبێتە ئاینی ئیسلامەوە، وچوو بۆ لای پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- وکاتێک گەڕایەوە، ووتی: والله گەڕامەوە بۆ لاتان لە لای کەسێک بە ڕاستی وهەق پێغەمبەری خودایە -صلى اللە علیە وسلم-، پێیانی ووت کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێیانى فەرمووە: (ئەو نوێژەدا لەو کاتەدا ئەنجامبدەن، وئەو نوێژەدا لەو کاتەدا ئەنجامبدەن، ئەگەر کاتی نوێژ هات؛ با یەکێکتان بانگ بدات، وئەوەتان پێشنوێژی بکات کە زۆرترین قورئانی لەبەرە)، گەڕان وبۆیان دەرکەوت هیچ یەکێکیان زیاتر لە من قورئانیان لەبەر نییە، بەهۆی گەیشتنم بە سواریەکان وقورئان لەبەرکردنم لێیانەوە -کە لە سەرەتادا باسیکرد-، بۆیە منیشان پێشدەخست بۆئەوەی پێشنوێژیان بۆ بکەم، وتەمەنم شەش یان حەوت ساڵ بوو، وجلێکی کورتم لەبەردا بوو، ئەگەر سوجدەم ببردایە؛ جلەکە تەنگ دەبوویەوە ودەهاتە سەرەوە، وبەشێک لە لاشەم -عەورەتم- دەردەکەوت، ئافرەتێک ووتی: ئایا بەشی خوارەوەى (عەورەتی) لاشەى قورئان خوێنەکەتان داناپۆشن؟ بۆیە کراسێکیان بۆم کڕی، پێشتر بە هیچ شتێک دڵخۆش نەبووم هێندەى دڵخۆش بوونم بەو کراسە. ئەم فەرموودە بەڵگە نییە لەسەر ئەوەى مەرج نییە عەورەت داپۆشراو بێت لە کاتی نوێژدا، چونکە ئەم ڕووداوە لە حاڵەتێک بووە لەوەیە حوکمەکەیان نەزانی بێت.