واتای فەرموودەکە: حەسانی کوڕی سابت -ڕەزاى خواى لێبێت- شیعری دەووت لە نێو مزگەوتدا، لەکاتێکدا عومەر -ڕەزاى خواى لێبێت- لە نێو مزگەوتدا بوو، ئیمامی عومەر سەیری کرد بەشێوەیەک ئینکاری کردنی تێدا بوو، کاتێک حەسان ئەمەى بینی؛ ووتی: من شیعرم دەووت لە نێو مزگەوتدا وکەسێکی تێدا بوو کە لە تۆ خێرتر وباشترە مەبەستی پێغەمبەری خودایە -صلى اللە علیە وسلم-. (پاشان عومەر ئاوڕی دایەوە بۆ لای ئەبو هورەیرە): واتا داواى لێکرد کە شاهێدی بدات لەسەر شیعر ووتنی لە مزگەوتدا بە ئامادەبوونی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، وئایا پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ڕازی بووە لەسەر ئەمە وهانی داوە لەسەر شیعر ووتن، ئیمامی عومەر ووتی: (داوات لێدەکەم سوێند بە خودا بخۆیت، ئایا گوێت لە پێغەمبەری خودا بووە -صلى اللە علیە وسلم- کە -سەبارەت بە حەسان- دەیفەرموو: لە جیاتی من وەڵام بدەرەوە): واتا لە جیاتی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- وەڵامی موشریکەکان بدەرەوە، وهێرش بکە سەریان بە شیعر ووتنەوە؛ ئەمیش بۆ بەرگری کردن لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، وبۆ سەرخستنی ئاینەکەى، وهەروەها ووتی: ئایا گوێت لێبووە کە بفەرموێت: (خودایە پشتگیری لێبکە بە -روح القدس:جبریل-؟): واتا بەهێزی بکە بەهۆی پشتیوانیکردنی جبریل -علیه السلام- بۆی، بۆئەوەى ئیلهامی پێببەخشێت شیعری بەهێزتر بڵێت و ورەی دوژمنانى ئیسلام بڕووخێت وئەو شیعر وهۆنراوانە شوێنی خۆی بپێکێت هەروەکو پێکانی تیر وڕمەکان؟، ئەبو هورەیرە ووتی: (سوێند بە خودا، بەڵێ): واتا ئەبو هورەیرە گوێی لێبوو شیعری دەووت لە کاتی ئامادەبوونی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لە مزگەوتدا، وهەروەها گوێی لێبوو کاتێک پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ئەو وشانەى فەرموو.