ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان وڕۆژی جەژنی قوربان لە ڕۆژە ڕێزدارەکانن کە تێیاندا دروشمەکانى ئاینی ئیسلام وبرایەتی نێوان مسوڵمانان دەردەکەوێت بەهۆی کۆبوونەوەیان، خەڵکی هەموو شارێک دەچن بۆ شوێنێک بۆئەوەى یەکڕیزی ویەکگرتوویی دڵیان ویەکبوونی وشەیان دەربخەن بۆ سەرخستنی ئاینی ئیسلام و وشەى الله، ویادکردنی خواى گەورە وئاشکرا کردنی دروشمەکانى بەندایەتی وپەرستن. بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانی کردووە بەوەى هەموو ئافرەتان دەربچن، تەنانەت ئەو کچانەش کە لە ماڵەوەن، وئەو ئافرەتانەى تووشی سووڕی مانگانە بوون بە مەرجێک دوور بێت لە شوێنی نوێژکردنی موسڵمانان، بۆئەوەى ئافرەتانیش ئامادەى خێر وچاکە ونزا وئامۆژگاریەکان بن لەو شوێنەدا، وئەمیش ببێتە هۆی بەرەکەت وپیرۆزی بۆیان، وئەمیش لە ڕەحمەتی خواى گەورەیە بۆیان، بۆئەوەى ڕەحمەت وڕەزامەندی لێیان نزیک بێتەوە.