ئافرەتێک سەردانی عائیشەی کرد -ڕەزای خوای لێبێت- وباسی زۆری پەرستن ونوێژەکانى دەکات، عائیشە ئەمەى بۆ پێغەمبەری خودا باسکرد -صلى الله عليه وسلم-، بەڵام ئەو نەهی لێیکرد لەم زیادەڕەوییە لە پەرستن وئەرکی قورس خستنە سەر خۆ، وپێی فەرموو: (کردەوەى چاک ئەنجامبدەن بە پێی تواناتان، والله؛ خودا پاداشت وفەزڵی خۆی لە ئێوە ناپچڕێنێت هەتاوەکو ئێوە بێزار دەبن): خواى گەورە پاداشتتان بۆ دەنووسێت هەتاوەکو ئێوە بێزار دەبن بۆیە ئەگەر ماندوو بوون ئەرکی قورس وناڕەحەت مەخەنە سەر خۆتان، وخۆشەویستترین دینداری لە لای پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- ئەوە بووە کە ئەنجامدەرەکەى لەسەری بەردەوام بێت.