عبداللەی کوڕی یەزید -ڕەزاى خواى لێبێت- باسی چۆنیەتی دەستنوێژگرتنی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەکات، باسی ئەوەى کرد کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەستنوێژی گرت وئاوی ڕادایە نێو دەمیەوە ولە ناو دەمی سوڕاندی (بۆ ئەوەى پاشماوەکانی خواردن بێتە دەرەوە) وئاوەکەى دەرکرد، وپاشان ئاوی ڕادیە نێو لووتی وهەڵمژی وئاوەکەى دەکرد بۆ ئەوەی هەرشتێک لە نێو لووتدایە بێتە دەرەوە (فنی کرد)، پاشان سێ جار دەموچاوی (ڕووی) شۆرد، پاشان دەستی ڕاست سێ جار ودەستی چەپی سێ جار شۆرد هەتا ئانیشکەکان (ئانیشکەکانى شۆرد)، پاشان دەستی تەڕکرد وسەری (قژی) مەسحی کرد (کە بێگومان سەر گوێش دەگرێتەوە، واتا: بەهەمان ئەو ئاوەى سەری پێ مەسحکرد، پەنجەى شایەتمانى هەردوو دەستی خستنە ناو گوێیەکانیشی وبە پەنجە گەورەکانى پشتی گوێیەکانى مەسحکرد. ئەم بەشە لەم فەرموودەدا باسنەکراوە بەڵام باسکردنی سەر گوێش دەگرێتەوە بەڵام لە فەرموودەی تردا باسکراوە)، پاشان هەردوو پێیەکانى شۆرد هەتا گوێزنگەکانی (قولەپێکانی یان قاپەڕەکانى) هەتا پاکبوونەوە وهیچ ناخاوێنیەکیان پێوە نەما.