دایکی ئیمانداران عائیشە -ڕەزاى خواى لێبێت- ئەم سونەتەمان بۆ دەگێڕێتەوە، ئەگەر پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەرشەوێک بچووایەتە سەر جێگاکەى هەردوو دەستی دەلکاند بەیەکدا وفووی تێدا دەکرد بە فوویەکی کەم کە ئاوی ناو دەمی زۆر بە کەمی لەگەڵدا بێت (واتە تف نەبێت، پێی دەووترێت: نَفث)، وهەر سێ سورەتی (الإخلاص والفلق والناس)ی دەخوێند لە ناو لەپەکانى، فووی بکردایە پاشان بیانی خوێندایە، یان بیانی خوێندایە پاشان فووی بکردایە، هەردووکی دروستە چونکە فەرموودەکە باسی ڕیزبەندیان ناکات، پاشان بە هەردوو دەستی لاشەی مەسح دەکرد بە هەرشوێنێک بیتوانیایە دەستی پێبگات؛ سەرەتا سەری ودەموچاوی مەسح دەکرد، وپاشان پێشەوەى لاشەی، ئەم کردەوەى سێ جار دووبارە دەکردەوە، لە خوێندن وفووکردن ومەسح کردنی لاشە.