ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى سونەتە -موستەحەبە- کە پیاو سەیری ئەو ئافرەتە بکات کە دەیەوێت مارەی بکات، وئەمیش نزیکترە بۆئەوەى پێکەوە بگونجێن وتەبایی ڕووبدات لە نێوانیان، بۆیە بە زانینەوە هاوسەرگیری لەگەڵیدا کردووە، ولە پاش ئەمە زۆر جار پەشیمانى ڕوونادات، بۆیە موغیرە -ڕەزاى خواى لێبێت- ڕاوێژی بە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کرد سەبارەت بە مارەکردنی ئافرەتێک؛ ئەویش فەرمانى پێیکرد کە سەیری بکات بۆئەوەى دڵنیا بێت لەوەى ئایا پێکەوە دەگونجێن. وئەمیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەى واجبە لەسەر مسوڵمان ئەوەى پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانى پێکردووە قبوڵی بکات بە بێ هیچ گومان ودوو دڵی وجەخاڵەت بوونێک؛ چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- تەنها فەرمان بە خێر وچاکە دەکات.