ئەم فەرموودەیە ئاسانکاری ولێبووردەی ئەم شەریعەتە دەردەخات، ومەنهەج وڕێبازی پێچەوانەى ئەوەیە کە زۆرێک لە توندڕەوەکان لەسەرین، ئەوانەى پێیان وایە دینداری دەبێت وشک و توندوتیژ بێت؛ ئەم فەرموودەیە ئەوە ڕووندەکاتەوە کە دەف لێدان وهۆنراوە ووتن لە ڕۆژانی جەژن ئاساییە؛ چونکە کچە منداڵەکان بە ئامادەبوونی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەمەیان ئەنجامدەدا وئینکاری کرد لەسەر ئەوانەى ئینکاریان لە کاری ئەم منداڵانە کرد، وهەورەها یاریکردن بە ڕم وهاوشێوەکانى دروست وئاساییە. وحەبەشیەکان حەزیان لە یاریکردن وهۆنراوە ووتنەوە بوو؛ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕێگەی پێیاندا لەنێو مزگەوتدا یاری بە ڕمەکانیان بکەن، ئەمیش جێبەجێکردنی سیاسەتێکی شەرعی گرنگە، کە لە هەندێک دەستەواژەکانى فەرموودەکە ئاماژەى بۆ کراوە: 1- پەیامێکە بۆ ئەوانەى نەهاتنە نێو ئیسلامەوە -مسوڵمان نەبوون- چونکە دەترسن توند وقورس بێت لەسەریان؛ ئاینی ئیسلام ئاینی ئاسانکاری ولێبووردەییە بەتایبەتیش پەیامێکە بۆ کۆمەڵێک لە شوێنکەوتووانى ئاینەکانى تر، لەوانەش جولەکەکان، کە نەهیان دەکرد خەڵکی شوێنی ئاینی ئیسلام بکەوێت وخۆیشیان لێی دوور دەکەوتنەوە؛ لە هەندێک گێڕانەوەى تردا هاتووە: ئیمامی عومەر نەهی لەو منداڵانە کرد لە نێو مزگەوتدا یاری بکەن، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێی فەرموو: (دعهم؛ لتعلم اليهود أنَّ في ديننا فسحة، وأني بعثتُ بالحنيفية السمحة) واتە: (وازیان لێبهێنە -با یاری بکەن-، بۆئەوەى جولەکە بزانن کە لە ئاینی ئێمە -ئاسانکاری- وفراونى هەیە -بۆ مرۆڤەکان-، ومن نێردراوم بە ئاینی یەک خودا پەرستی -تەوحید- کە ئاینی لێبوودەیی -وئاسانکارییە لەسەر مرۆڤەکان-). 2- یاری کردنیان لە ڕۆژی جەژن بوو، وڕۆژانى جەژن ڕۆژی خۆشی دەربڕین وئاسوودەیین؛ ولە شتە ڕێگەپێدراوەکاندا دەبێت ئاسانکاری وفراوانى هەبێت لەسەر مسوڵمانان. 3- یاری پیاوان زبری وحەماسەت وئازایەتی تێدایە.